وه‌زیری‌ كشتوكاڵ: مریشکی‌ هەرێمی کوردستان ڕه‌وانه‌ی‌ ناوەراست‌و خواروی عێراق ده‌كه‌ین
  2023-05-07       882       


بێگه‌رد تاڵه‌بانی‌، وه‌زیری‌ كشتوكاڵی‌ هه‌رێم له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ڵێت، لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کۆبونەته‌وەو چەندین بڕیاری گرنگیانداوه‌، به‌گوێره‌ی‌ خاڵێكی‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌، لەماوەی یەک هەفتەدا پێشنیارو رێگەچارەی گونجاو بۆ چۆنیەتی هەناردنی بەروبومی مریشک لەهەرێمی کوردستانەوە بۆ ناوەراست‌و خواروی عێراق یەکلای دەکرێتەوە، بەشێوازێک کە بەرهەمەکانیان بچێتە ناوەراست‌و خواوی عێراق بەڕەچاوکردنی هاوسەنگی نرخ‌و چەندێتی هەناردەکردن‌و دابینکردنی پێویستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان.

ئاوێنه‌: ده‌قی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی‌ بێگه‌رد تاڵه‌بانی‌، وه‌زیری‌ كشتوكاڵی‌ هه‌رێم:

لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کۆبوینەوە و چەندین بڕیاری گرنگماندا 

ئەمڕۆ یەک شەممە ،2023/5/7 بە ئامادەبوونی ستافێکی بالای وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم لە لایەن بەڕێزان وەزیری کشتوکاڵی عێراق و هەردوو بریکاری ئیداری و هونەری وەزارەتەکە پێشوازیمان لێکرا ...

دواتر بەیەکەوە کۆبونەوەیەکی هاوبەشی گرنگمان ئەنجامدا بۆ  هەماهەنگی و تاوتوێکردنی کێشە هاوبەشەکانی تایبەت بە کشتوکاڵ و جوتیاران ،بەتایبەتی دەربارەی ئەو بابەتانەی خوارەوە گفتوگۆ و بڕیاری گرنگماندا :

1/چارەسەکردنی کێشە و داواکاری پڕۆژە پەلەوەرییەکان و سەربڕینخانەکانی هەرێمی کوردستان و هەناردەکردنی بەرووبوومەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی ناوەراست و خوارووی عێراق ، بریاردرا کە بەخێرایی لێژنەیەکی هونەری پێکبهێنرێ لە نێوان وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ,بۆ هەمان مەبەست خاوەنی کێلگە پەلەوەرییەکان نوێنەری خۆیان ئامادەیان دەبێ لە لێژنەکە، لە ماوەی یەک هەفتەدا پێشنیار و رێگەچارەی گونجاو بۆ چۆنیەتی هەناردنی بەرووبوومی مریشک لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ناوەراست و خوارووی عێراق یەکلای دەکرێتەوە ،بەشێوازێک کە بەرهەمەکانیان بچێتە ناوەراست و خواووی عێراق بە ڕەچاوکردنی هاوسەنگی نرخ و چەندێتی هەناردەکردن و دابینکردنی پێویستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان.

2/ سەبارەت بەپێدانی بڕوانامەی تەندروستی بۆ بەروبوومە کشتوکاڵیەکان ،بریاردا بەپێی ناوەرۆکی یاداشتنامەی لێک تێگەشیتنی هاوبەشی نێوانمان ،ئەم بابەتە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت ،کە تیایدا هەرێمی کوردستان تخویلکراوە لەسەر مەسەلەی دەسەلاتی پێدانی بڕوانامەی تەندروستی. 

3/هەروەها سەبارەت بە نەخۆشی و بلاوبونەوەی ڤایرۆسی (تەبەق)کە توشی ئاژەڵان دەبێت، لەمەودوا بڕیاردرا کە لە سەر ئاستی عێراق بەیەک شێوە مامەلەی لەگەڵ بکرێت و چارەسەری پێویستی وەربگیرێت و خاوەن پڕۆژەکانی ئاژەڵی ئێمەش لەو پڕۆژەیە سوودمەند دەبن وەکو پڕۆژەکانی تری ناوەراست و خوارووی عێراق ،دوابەدوای رێکخستن و ئامادەکردنی ئامارێکی تایبەت بەو بابەتە لەلایەن بەرێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و فێتێرنەری وەزارەتمان.

4/دەربارەی بابەتی وەرگرتنەوەی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران، بەیەکەوە هەماهەنگیمان کرد لەسەر ئەوەی کە هەموو جوتیارێکی هەرێمی کوردستان سوودمەند بێت لە بابەتی پێدانی ئەو بڕەی کە بەرهەمیدێنی، بۆ ئەم مەبەستەش کۆبونەوەیەکی هاوبەش ئەنجامدەرێ و بەرێوەبەری گشتی پلاندانانی وەزارەتمان بەشداری دەکات.

5/ سەبارەت بە بابەتی دابینکردنی هێلکەی خواردن بەپێی فۆرکی خۆراکی هاووڵاتیان بڕیاردرا کە پاڵپشتی وەزارەتمان بکەن بۆ ئەوەی هەماهەنگی بکەین لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق و هەرێم بەمەبەستی بەشداری کردن و داخلکردنی پڕۆژەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە دابینکردنی هێلکە و کڕینەوە و ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان.

ئەمانە و چەندین بابەتی تری پەیوەست بە پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵ لەنێوان هەردوولادا رێککاری پێویستی بۆ ئەنجامدرا و بڕیاردرا کە بەردەوامبین بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئاستەنگ و داواکارییەکانی جوتیاران لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کورستان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×