سینان ئۆغان: لە گەڕی دوەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیادا پشتیوانی لە ئەردۆغان دەكەین
  2023-05-22       579       
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سینان ئۆغان و كەمال كڵیچدارئۆغلۆ

سینان ئۆغان، كاندیدی دۆڕاوی گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا دەڵێت: لە گەڕی دوەمی هەڵبژاردنەكەدا پشتیوانی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان دەكەن.

ئاوێنە: سینان ئۆغان، كاندیدی هاوپەیمانی ئەتا كە لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیادا لەسەدا 5.20ی دەنگەكانی بەدەستهێنابو، ئەمڕۆ دوشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند، لە گەڕی دوەمی هەڵبژاردنەكەدا، پشتیوانی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان دەكەن بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆمار.

لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیادا كە رۆژی 14ی ئەم مانگە بەڕێوەچو، هیچ كام لە كاندیدەكان نەیانتوانی لەسەدا 50+1ی دەنگەكان بەدەستبهێنن بۆیە هەڵبژاردنەكە كەوتە گەڕی دوەم لەنێوان دو كاندیدی خاوەن زۆرترین دەنگی گەڕی یەكەم.

دو كاندیدی خاوەن زۆرترین دەنگ لە گەڕی یەكەمدا پێكدێن لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، كاندیدی هاوپەیمانی جمهور كە لەسەدا 49.50ی دەنگەكان و كەمال كڵچدارئۆغلۆ، كاندیدی هاوپەیمانی میللەت كە لەسەدا 44.88ی دەنگەكانی بەدەستهێنابو.

بەپێی پێشبینی چاودێران، پشتیوانی سینان ئۆغان لە یەكێك لە كاندیدەكان رۆڵی سەرەكی دەبێت لە یەكلاكردنەوەی گەڕی دوەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×