پێدانی خۆراكی بەیانیان بە قوتابیان دەست پێ‌ دەكاتەوە
  2023-05-24       408       

لەلایەن پسپۆڕانی عێراق و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، كار لەسەر ئەوە دەكرێت جارێكی تر پێدانی خۆراك بە قوتابیان لە قوتابخانەكان دەست پێ‌ بكرێتەوە، لەلایەن دوو رێكخراوی تایبەتی جیهانی هەڵسەنگاندن بۆ ئەو بابەتە دەكرێت.

ئاوێنە: ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەندامانی خۆی راسپاردووە تا بەشداربن لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی پەروەردە، بۆ چۆنیەتیی كاراكردنەوەی پێدانی خۆراك بە قوتابیانی قوتابخانەكانی عێراق.

ئەمڕۆ چوارشەممە 24ـی ئایار، عەلی هاشمی چالاك و یەكێك لە بەشدارەكانی كۆبوونەوەكەیە، بە "وشە"ـی راگەیاند، لەلایەن دوو رێكخراوی نێودەوڵەتی و وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی تەندروستی، كار دەكرێت بۆ ئەوەی جارێكی تر پێدانی خۆراكی بەیانی بە قوتابیان دەست پێ‌ بكاتەوە.

زیاتر وتی، چەند كێشەیەكی تەكنیكی و میكانیكی هەیە پێویستە چارەسەر بكرێن، وەك ساردكەرەوە و ژووری تایبەت بەو بابەتە، بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە دوو پێشنیار هەبوو، یان دانانی كابینە یان نۆژەنكردنەوەی ژوورێك لە هەموو قوتابخانەكان.

باسی لەوەش كرد، بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە، هەردوو پێشنیار لەڕێی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و نوێنەری وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی، بەرز دەكرێتەوە بۆ حكوومەت و چاوەڕوانی وەڵامی ئەوان دەكرێت.

پێش رووخانی رژێمی بەعس و بەتایبەت كاتێك عێراق نەخرابووە ژێر بەندی سزادانی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە قوتابخانەكانی عێراقدا بەیانیان خۆراك بە قوتابیان دەدرا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×