سەرۆکی پارتی زافەر پشتیوانی خۆی بۆ کلیچدارئۆغڵو راگەیاند
  2023-05-24       605       

ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زافەر، ڕایگەیاند، لە خولی دوەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیادا پشتیوانی لە کاندیدی هاوپەیمانی نیشتمانی کەمال کلیچدارئۆغڵو دەکەن.

ئاوێنە: ئومیت ئۆزداغ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ کلیچدارئۆغڵو ڕایگەیاند، گەورەترین کێشە لە تورکیا بونی کۆچبەرانە.

ئەو وتیشی"گەورەترین کێشەی تورکیا 13 ملیۆن کۆچبەر و خەڵکی نایاسایین کە دەبێت بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان. وڵاتێک کە 13 ملیۆن کۆچبەری هەبێت، ناتوانێت ئابوری و ئاسایشی خۆی چاک بکاتەوە."

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای هەڵبژاردنەکانی 14ی مانگ، لەگەڵ هاوپەیمانی گەلیش گفتوگۆیان کردوە، بەڵام "ئەوان هیچ پلانێکیان بۆ گەڕانەوەی کۆچبەران نەخستەڕو".

سەرۆکی پارتی زافەر ئاماژەی بەوەشکرد، کە کلیچدارئۆغڵو بەڕونی دەڵێت، کۆچبەران دەگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانیان و بارگرانی لەسەر ئابوری تورکیا لادەبەن.

پارتی زافەر لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا پشتیوانی لە کاندیدی سەرۆکایەتی هاوپەیمانی عەتا سینان ئۆغان کرد کە %5.17 ی دەنگەکانی بەدەستهێنا.

ئۆغان ڕۆژی دوشەممە پشتیوانی خۆی بۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەربڕی.

ڕۆژی یەکشەممە 28ی ئەم مانگە، تورکیا لە گەڕی دوەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا لە نێوان کەمال کلیچدارئۆغڵو و ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، یەکێکیان هەڵدەبژێرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×