مەسعود بارزانی: راستكردنەوەی هەڵەكانی لۆزان تەنها لەسەر شانی گەلی كوردستان نییە
  2023-05-27       910       

مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی رایگەیاند، لە رێككەوتننامەی لۆزاندا ئومێدی كورد بۆ سەربەخۆیی كوژایەوەو كوتوبەندی دژواری بۆ دانرا. دەشڵێت، مامەڵەكردن لەگەڵ لێكەوتە خراپەكانی لۆزان و ڕاستكردنەوەی هەڵەكان تەنیا لەسەر شانی گەلی كوردستان نیبە، بەڵكو دەبێ دەوڵەتانی ناوچەكەو زلهێزەكان و ئەو وڵاتانەی لە هاوكێشە نێودەوڵەتییەكاندا كاریگەرییان هەیە لە دروستكردنی چوارچێوەیەكی ئاشتیانەو دیموكراتیانەو نیازپاكانە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بەشداربن.

ئاوێنە: مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی، لە وتارێكدا كە ئەمڕۆ شەممە، لە دیداری یەکەمی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە لۆزان خوێندرایەوە، رایگەیاند"كاریگەریی و دەرهاوێشتەكانی ڕێككەوتنی لۆزان لەسەر چارەنوسی گەلی كوردستان لە هەژمار نایەت و تژییە لە كارەسات و بێبەشبون و پەراوێزخستن و نكۆڵیكاری. زیانمەندی سەرەكیی ئەو ڕێككەوتننامەیەش گەلی كوردستان بو"

ئەوەشی خستۆتەڕو"لە ڕێككەوتننامەی (سیڤەر)ـدا كە سێ ساڵ بەر لە ڕێككەوتننامەی لۆزان لە ئابی 1920 مۆر كرابو، ڕێگەی ئەوە هەبو كورد بتوانێ بە مافی سەربەخۆیی شاد ببێت كە مافێكی ڕەواو ڕەهای هەر نەتەوەیەكە بەڵام لە ڕێككەوتننامەی (لۆزان)ـدا ئەو ئومێدەی كورد كوژایەوەو كۆتوبەندی دژواری بۆ دانرا. لەدەرئەنجامدا چارەنوسی گەلی كوردستان بە چارەنوس و یاساو كڵێشەی ئەو دەوڵەتانە بەسترایەوە كە بەسەریاندا دابەشكرابو."

ئاماژەی بەوەشداوە، لەگەڵ رەفتارە دڕەندانەكانی رژێمەكانی عێراق بەرامبەر بە كورد، "لە عێراقدا لەچاو وڵاتانی تر، دەرفەتی ڕێككەوتن و هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی دۆزی كورد زیاتر بوەو بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد لەو بەشەی كوردستاندا گەشەی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە."

مەسعود بارزانی پێی وایە "ئەم واقعە ناتەندروستە سەدساڵەیە كە زیان و ناسەقامگیریی بەدوای خۆیدا هێناوە پێمان دەڵێت دەبێ هەر دولا (هەم دەوڵەتانی ناوچەكە و هەمیش لایەنە كوردیەكان) پێداچونەوە بە بەرنامەو ستراتیژی خۆیاندا بكەن. لەبری شەڕو گرژی بیر لە چارەسەری دیموكراتی و ئاشتیانە بكەنەوە. هەر بەم پێیەش دەبێ كێشەی هەر پارچەیەك بەپێی تایبەتمەندییەكانی خۆی و بارودۆخی خۆی لە چوارچێوەی دیالۆگ و ئامرازی ئاشتیانەو دیموكراتیانەدا چارەسەربكرێت."

جەختیشی كردۆتەوە كە "مامەڵەكردن لەگەڵ لێكەوتە خراپەكانی لۆزان و ڕاستكردنەوەی هەڵەكان تەنیا لەسەر شانی گەلی كوردستان نیبە، بەڵكو دەبێ دەوڵەتانی ناوچەكەو زلهێزەكان و ئەو وڵاتانەی لە هاوكێشە نێودەوڵەتییەكاندا كاریگەرییان هەیەو هەروەها ڕێكخراوە ناحكومییەكان و ناوەندە ئاكادیمی و كۆمەڵایەتی و چالاكوانان و كەسایەتییە جیهانییەكان لە دروستكردنی چوارچێوەیەكی ئاشتیانەو دیموكراتیانەو نیازپاكانە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بەشداربن."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×