مەسرور بارزانی: ئەو گۆڕانکارییانەی لەپشکی هەرێم کراون ناپاکی‌و ستەمکاریی‌و پیلانگێڕییە
  2023-05-27       617       

مەسرور بارزانی، سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌ڵێت، "ئەو گۆڕانکارییانەی لەپشکی هەرێمی کوردستان لەبودجەی فیدراڵیدا کراون، ناپاکی‌و ستەمکاریی‌و پیلانگێڕییە لەدژی هەرێمی کوردستان". ده‌شڵێت، "ئەوەی جێی داخە ئەو دەستە ناوخۆییەیە کە بەشدارە لەم پیلانگێڕییە."

ئاوێنه‌: له‌نوێترین لێدوانیدا له‌باره‌ی‌ ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی‌ له‌پشكی‌ هه‌رێم له‌پرۆژه‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌ عێراق ئه‌نجامدران،  مەسرور بارزانی ڕایگه‌یاند، "ئەو گۆڕانکارییانەی لەپشکی هەرێمی کوردستان لەبودجەی فیدراڵیدا کراون، ناپاکی‌و ستەمکاریی‌و پیلانگێڕییە لەدژی هەرێمی کوردستان، بەڵام بەهەموو شێوەیەک ڕوبەڕوی ئەو پیلانگێڕییە دەبینەو ناهێڵین سەر بگرێت."

بارزانی‌ جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌، "ئەوەی جێی داخە ئەو دەستە ناوخۆییەیە کە بەشدارە لەم پیلانگێڕییە. لەوەش خراپتر، کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بەدەسکەوت بۆ خۆیان بزانن. بەڵام دڵنیاتان دەکەینەوە ئەمە هەوڵێکی نەزۆکەو سەر ناگرێت."

پێنجشه‌ممه‌ی‌ ڕابردو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بەکۆمەڵێک دەستکاری نوێوە دەنگی لەسەر هەردو مادەی ۱۳ و ۱٤ی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقدا. کە ئەو دوو ماددەیە ڕەنگدانەوەی ڕێکەوتنی نێوان هەرێم‌و بەغدا بوو لەپڕۆژە یاسای بودجە لەبابەتی نەوت‌و دارایی.

لەکۆی چوار ئەندامی کوردی لیژنەکە سێ ئەندامیان کشانەوە کە دو ئەندامی پارتی‌و ئەندامێکی یەکگرتو بون‌و گۆڕانکارییەکان بەدژی هەرێم‌و ڕێکەوتنی نێوان حکومەتی هەولێرو ناوەند دەزانن. 

به‌ڵام هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی‌و نەرمین مەعروف، لەپشکی یەکێتی لەلیژنه‌ی‌ دارایی ده‌نگیان به‌گۆڕانكارییه‌كاندا.

ئه‌و وتانه‌ی‌ مەسرور بارزانی له‌میانه‌ی‌ سەردانێكیدا هات كه‌ ئەمڕۆ شەممە بۆ دەشتی زرارەتی لەپارێزگای هەولێر ئه‌نجامیداو  بەشداری لەدروێنەکردنی گه‌نمدا کرد.

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×