هێمن هەورامی، لەلایەن رێواز فایەق‌و حزبەکەیەوە پلان بۆ تێکدانی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان دانرابو
  2023-05-27       465       

هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رەتیدەکاتەوە، هیچ هەنگاوێکی ناپەیرەویی و نایاساییان لەبارەی پرسی کاراکردنەوەی ئەنجومەنی کۆمیسیاران نرابێت. دەشڵێت، "رۆژێک پێش بەڕێوەچونی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان لەرۆژی دوشەممە 22ی ئایاری 2023، لەلایەن رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمان‌و حزبەکەیەوە پلان بۆ تێکدانی ئەو دانیشتنەی پەرلەمانی کوردستان دانرابو".

ئاوێنه‌: هێمن هەورامی به‌میدیاكانی‌ حزبه‌كه‌ی‌ راگەیاندووه‌، "رۆژێک پێش بەڕێوەچونی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان لەرۆژی دووشەممە 22ـی ئایاری 2023، لەلایەن رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمان‌و حزبەکەیەوە پلان بۆ تێکدانی ئەو دانیشتنەی پەرلەمانی کوردستان دانرابو، ئێمه‌ش ئاگاداری ئەو هەوڵە بوین."

هێمن هەورامی دەڵێت، "نابێت یەکێتی پەرلەمانی کوردستان وەکو مەڵبەندێکی خۆی و پارتیش وەکو لقێکی خۆی تەماشە بکات." ئاماژە بەوەش دەدات، ئەوەی ئەوان (فراکسیۆنی پارتی) کردوویەتی بۆ کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، هەنگاوێکی پەیرەویی و یاسایی بووە و، لە چەندین کۆبوونەوەدا داوایان لە یەکێتی کردووە، پرسی هەمواری هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بخەنە نێو یەک بەرنامەی کاراوە، بەڵام رەتیانکردووەتەوە.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارە بەمزووانە ئەو دوو ئەندامە نوێیەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، کە هەڵبژێردراون، لە بەردەم ئەنجوومەنی دادوەریی سوێندی یاسایی بخۆن.

وەکو ئەوەی هێمن هەورامی دەڵێت، "ئێستا بۆ هەموو لایەک دەرکەوتووە کێ جیددییە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و کێ لە هەڵبژاردن دەترسێت"، بۆیە هیوای خواست هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت و هیچ لایەنێکی سیاسی کۆسپ بۆ بەڕێوەچوونی دروست نەکەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×