په‌رله‌مانتارێكی‌ پارتی: قوباد تاڵەبانی له‌گه‌ڵ دو په‌رله‌مانتاری‌ عه‌ره‌ب پلانی هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستانیان داناوه‌
  2023-05-27       841       
مەریوان قەرەنی


مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق دەڵێت، "ئەو کاتەی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بوو بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی چارەسەری بابەتی دارایی گشتی بكرێت‌و خەڵکی خۆشەویستی سلێمانی رزگار بکرێت لەجیاکاریی گیرفانی دەسەڵاتدارانی سلێمانی، ھەر ئەوکات بەڕێز جێگری سەرۆک وەزیران خەریکی مەسجکاری بوو لەگەڵ "یوسف الکلابی‌و مستەفا سەنەد" بۆ پلانی ھەڵوەشاندنەوەی ھەرێم بەھۆی سەرۆکی فراکسیۆنەکەتان لەپەرلەمانی عێراق."

ئاوێنه‌: ده‌قی‌ نوسینه‌كه‌ی‌ جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق:


حکومەتی ھەرێمی كوردستان بەناوی خەڵک‌و خاکی کوردستانەوە قسە دەکات

‎بەڵێ ئەوە ئێوەن کەمینەیەکی خۆسەپێنن، بۆ خیانەت و فرۆشتنی خاک، کەمینەیەک دەتانەوێ قەوارەی ھەرێمی کوردستان ھەڵوەشێننەوە، ئەوە ئێوەن کەمینەیەکی قێزەون کە شەرم لە ھیچ کارێک ناکەنەوە، ئێوە لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ تاکە ڕێگرن کە کورد بە مافە ڕەواکانی بگات و ببێتە خاوەنی دەوڵەت، شانازی وفەخری ئێوە بە ئاشکرا و بێ سڵەمینەوە ئەوەیە کە بە ئاغاکانتان دەڵێن وەرن یارمەتیمان بدەن، چونکە ئێمە بووین ڕێگەمان نەدا کوردستان ببێتە دەوڵەت! 

ئەو حکومەتەی کە بەرھەمی سەدان ساڵی خەباتی میللەتی ئێمەیە، بەڵێ بە ناوی خاک و خەڵک و شەرعیەت و مێژووەوە قسە دەکات، زۆر شەرمە پیلانی ژەھراویتان بۆ پووکاندنەوەی کوردستان دەکەنە دەستكەوت بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆران، خۆزگە ئەو دوو مانگەی کە نەوتی کوردستان ناڕوات، ئێوە بە وشەیەک بەرگریتان لە مووچەی فەرمانبەران دەکرد و فشارتان دەکرد تا حکوومەتی عێراق شایستە داراییەكان بۆ فەرمانبەرانی دڵسۆزی ھەرێم بنێرێت.

مایەی گاڵتەجاڕییە باسی لە ١٠٪ی گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە دەکەن، لە کوێوە ئەم پارەیە دابین و تەرخان كراوە؟ حکومەتی ھەرێم ١٠٠٪ بەبێ جیاکاری لە ڕابردوو، داھاتی نەوتی بۆ مووچەی فەرمانبەران لە سەرانسەری ھەرێم بەکار ھێناوە، ئەمەش بە شاھێدیی وەزیرەکانی سەرجەم لایەنەکانی پێکھێنەری کابینەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.

‎ئەوەی جیاکاری کردووە تەنھا ئێوەن، لە جیاتی پارەی داھاتی ناوخۆ بخەنە سەر داھاتی نەوت، ئەوا دەیخەنە ناو گیرفانتان! ئەو کاتەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بوو بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی چارەسەری بابەتی دارایی گشتی بكرێت و خەڵکی خۆشەویستی سلێمانی رزگار بکرێت لە جیاکاریی گیرفانی دەسەڵاتدارانی سلێمانی، ھەر ئەوکات بەڕێز جێگری سەرۆک وەزیران خەریکی مەسجکاری بوو لەگەڵ "یوسف الکلابی و مستەفا سەنەد" بۆ پلانی ھەڵوەشاندنەوەی ھەرێم بەھۆی سەرۆکی فراکسیۆنەکەتان لە پەرلەمانی عێراق.

ئەو دوو کەسە بە یارمەتیی ئێوە ڕابووردوویەکی ڕەشیان هەیە لە دژایەتیكردنی هەرێمی کوردستان و شانازیشی پێوە دەکەن و بڕیارەکانی داگای فیدراڵی بۆ نەناردنی مووچەی فەرمانبەران هەر ئەمانە ئەندازیارەکەین، ئێستاش ئیمزای سەرۆکی فراکسیۆنتان لە پاڵ ئیمزای ئەمانەیە. 

بەڵام با باش بزانن، ئێمە ڕێگە نادەین پلانەکانتان سەر بگرێت، ئێوەش فەرموون تەنیا مانگێک مووچەی سلێمانی دابین بکەن، ئەگەر ئەوەندە خەمحۆری سلێمانین!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×