قاسم ئەعرەجی: هەرێمی کوردستان پابەندی خۆی بەرێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق - ئێران دوپاتکردۆتەوە
  2023-05-27       514       


قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق وردەکاری سەردانەکەی بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان ئاشكرا ده‌كات‌و ده‌ڵێت، ڕێککەوتنی ئەمنی ئێران - عێراق تەوەری سەرەکی ئەو گفتوگۆو دیدارانه‌ بووە كه‌ له‌سلێمانی‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ ئه‌منی‌ هه‌رێم ئه‌نجامیداوه‌. 

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ شەممە، قاسم ئەعرەجی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە، بەرێنمایی سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەسه‌رۆكایه‌تی‌ وه‌فدێكی‌ دەزگا ئەمنییەکان و وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەردانی شاری سلێمانی کردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووه‌، لەگەڵ رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم له‌سلێمانی‌ کۆبونەتەوەو بەرپرسانی هەرێم راپۆرتێکیان لەسەر ئەو رێکارە ئەمنیانەی گرتویانەتە بەر خستەڕو بەهەمانشێوە دەزگا عێراقییەکانیش راپۆرتی کاروبارەکانیان باسکرد.

ئەوەشی خستەڕو، وەزیری ناوخۆی هەرێم پابەندبونی خۆی بەرێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق - ئێران دوپاتکردۆتەوە.

لەکۆتایی ساڵی ڕابردودا ئێران‌و عێراق ڕێککەوتنێکیان لەسەر هاوکاریی ئەمنی واژۆ کرد کە تەوەری سەرەکی ئەو ڕێککەوتنە، ئامادەبونی لایەنە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی‌ کۆماری ئیسلامی بو لەهەرێمی کوردستان.

کۆماری ئیسلامی پارتە کوردییەکان بەوە تۆمەتبار دەکات کە لەڕێگای هەرێمەوە ئۆپراسیۆنی سەربازی لەناوخۆی ئێران ئەنجامدەدەن‌و هەروەها دەستیان لەناڕەزایەتییەکانی دژ بەحکومەتدا هەیە.

لای‌ خۆیه‌وه‌ محەمەد نەزیف قادری، ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران به‌دەنگی ئەمەریکا وتووه‌، تائێستا لەبارەی ئەو كۆبونه‌وه‌ ئه‌منیانه‌ی‌ نێوان عێراق‌و هەرێم هیچ زانیارییەکیان پێنەدراوە. وتیشی، "دانیشتنی عێراقییەکان لەگەڵ کاربەدەستانی هەرێم کارێکی ئاساییەو ئەوان لەچوارچێوەی وڵاتێکدان‌و دەبێت پرسەکانی وڵاتەکە پێکەوە تاوتوێ بکەن."

له‌باره‌ی‌ تۆمه‌تباركردنیان له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌، محەمەد نەزیف قادری ئەو بانگەشەو تۆمەتانەی ئێران ڕەتدەکاتەوەو ده‌ڵێت، "بەپێچەوانەی تۆمەت‌و پڕوپاگەندەی کۆماری ئیسلامی، حزبە کوردییەکان تاکو ئێستا هیچ جۆرە جموجوڵێکی سەربازییان لەڕێگای هەرێمەوە دژی ئێران ئەنجامنەداوە."

لەساڵانی ڕابردودا سوپای پاسداران چەندینجار بەموشەک‌و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیکردۆتە سەر پێگەی ئەو حزبانەو بەو هۆیەوە ژمارەیەک پێشمەرگەی ئەو حزبانەش گیانیانلەدەستداوە.

سەبارەت بەپلانی داهاتوی حزبەکەی بەرامبەر بەئەگەری فشاری عێراق‌و هەرێم بۆ سەریان ئەندامه‌كه‌ی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ده‌ڵێت، "بەرامبەر بەهەر پرس و بابەتێک کە لەکاتی خۆیدا بیانەوێت لەگەڵمان باسی بکەن، وەڵامی پێویستمان دەبێت و تاکو ئێستاش هیچمان پێ ڕانەگەیندراوەو هەر بۆیە دروست نییە لەئێستادا هیچ بڵێین."
 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×