وەزیری دارایی و ئابوری هەرێم هەڵوێستی خۆی لەبارەی گۆڕانکاریەکان لە بودجە راگەیاند
  2023-05-28       1076       

 ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، گۆڕانکاریکان لە بودجەدا مافی خەڵکی کوردستان پێشێل دەکات و نادەستوری و نایاسایین، لەکاتێکدا رێککەوتن لەگەڵ بەغدا لە ئەنجامی دانوستانی دورودرێژ بو، دەشڵێت، "گۆڕانکاریەکان بۆ دروستکردنی کێشەیە و بچوککردنەوەی هەرێمە بۆ ئاستی پارێزگا و بچوکتریش".

ئاوێنە: ئاوات شێخ جەناب ئەمڕۆ یەکشەممە لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی گۆڕانکاریەکانی یاسای بودجە لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند، "ئەو رێککەوتنەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا کردویەتی لە ئەنجامی جەولەیەکی دورودرێژی دانوستان بوە کە لە 2019 دەستیپێکرد سەرئەنجام یاسای بودجەی 2020 رێککەوتنمان لەسەرکرد بەڵام نەگەیشتە پەرلەمان، دواتر بۆ یاسای بودجەی 2021 رێککەوتنمان کرد و لە پەرلەمان پەسەندکرا، ئەم دو رێککەوتنە پێشکەوتنی بەخۆوەبینی بۆ ئەم رێککەوتنەی دوایی، کە لەسەر بودجەی 2023، 2024 و 2025 رێککەوتین، ئەو رێککەتنە سیاسیەی کرا ئیدارەی دەوڵەتی لێدروستبو کە دواتر حکومەتی پێدروستکرا و لە پەرلەمان دەنگی لەسەردرا".

ئاماژەی بەوەشکرد، پێیانوایە هەر دەستکاریەک لە پڕۆژەی بودجەدا بکرێت لە دەرەوەی رێککەوتنی هەرێمی کوردستان و بەغدا بەنادەستوری و یاسایی ناودەبەن، هەروەها بڕیارێکی دادگای فیدڕاڵی هەیە کە هەمو دەستکاریەکی دەقەکانی حکومەت تایبەت بە بودجە لە پەرلەمان رەتدەکرێتەوە، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق مافی زیادکردن یاخود لابردنی دەقیان نیە.

ئاوات شێخ جەناب باسی لەوەشکرد، "گۆڕانکاریەکان جگە لەوەی نادەستوری و نایاسایین هێندەی بەربەست و لوغمی بۆ رێککەوتنی هەردو دروستکردوە هیچ ئاسانکاریەکی بۆ دروستنەکردوە، جارێکی دیکە گومانی بۆ ئێمەی کورد دروستکردوە کە ئەو کەسانەی لەگەڵ مانەوەی کوردن لەگەڵ عێراقدا یان ئەوانەی برایەتی کورد و عەرەبیان بەجددی وەرگرتوە لەو بڕوایەدام وەکو ئێمە نیگەرانن، ئەمە بۆ نزیکبونەوەی هەرێم و بەغدا نیە بەڵکو بۆتێکدانی پەیوەندی نێوان هەردو و بەغدایە".
 
ئەوەشی خستەڕو، "سەرەڕای ئەوەی کە هەمو پڕۆسەی نەوتی ئێمە قابیلی پێداچونەوەیە لە رێگەی چاودێری دارایی حکومەتی بەغدا و هەرێم هاتون زیادکردنێکی نامەعەقولیان کردوە کە دەبێت دوای ئەو پڕۆسەیە لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە وردبینی بۆ بکرێت، هەروەها مەرج دانراوە کە ئەگەر بڕیارەکە جێبەجێ نەکرا ئەوا پشکی هەرێم دەبڕدرێت و فەرمانبەران سزادەدرێن کە نەدەبوایە ئەمە بکرێت".

ئاوات شێخ جەناب پەیوەست بەو قەرزەی کە لەرابردودا لە رێگەی بانکی بازرگانی عێراقییەوە کراوە، وتی، "کاتی خۆی داوامان کردوە پێدانەوەی قەرزەکە بکرێتە 10 ساڵ، بەڵام لە بودجەی 2021 رێککەوتنمان کرد و کرا بە 7 ساڵ و لە بودجەی 2023 هەمان شت دوبارەکرایەوە بەڵام لە لیژنەی دارایی کراوە بە پێنج ساڵ کە بدرێتەوە، لەکاتێکدا لە بنەڕەتدا پشکی کورد کە 12.67% غەدرێکی گەورەیە و بەبێ گەڕانەوە بۆ هەرێم کەمکراوەتەوە، ئێمە نایشارینەوە بەومەرجە رازی بوین بە 12.67% کە مانگی 10 سەرژمێری بکرێت کە بەپێی ئامارەکان کورد 14%یە".

رونیشیکردەوە، "ئێمە رێککەوتوین کە کیانی هەرێم دەستوریە و هیچ لۆژیکی تیانیە کە ئاستە ببێتە پارێزگا و تاڕەدەیەک کەمتریش کە پێمانوایە ئەمە بۆ سەرئێشە و کێشە دروستکردن نەبێت شتێکی دیکە نیە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×