شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: پارتی نزیکەی ٦٠٠ هەزار دەنگى نایاسایی بۆ تۆمارى دەنگدەران زیاد دەکات
  2023-05-30       1156       

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ڕایگەیاند، پڕۆژەی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان لە یەکێک لە چەکمەچەکانی پەرلەمان تۆزی لێ نیشتووە و تۆماری دەنگدەران علوجە و فڕی بەم سەردەمە و دانیشتوانی پارێزگاکانمانەوە نییە، دەشڵێت: پارتی نزیکەی ٦٠٠هەزار دەنگى بۆ تۆمارى دەنگدەران زیاد کردووە.

ئاوێنه‌: شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، ئەندامى دەستەى کارگێڕیى مەکتەبى سیاسیى یەنەکە، لە وتارێکدا ئاماژە بە چەند پرسێکى سیاسی لە هەرێمى کوردستان و هەموارکردنەوەى یاساى هەڵبژاردنەکان بەشیوەیەکى نایاسایى لەلایەن پارتیه‌وه‌ دەدات.

لە سەرەتاى نوسینەکەیدا شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ئاماژەى بەوەکردووە، ڕاستە، کە چەند جۆرێک لە دیموکراسی بوونی هەیە، بەڵام ئەوجۆرەی هەرێمی کوردستان ئەوەندە عەجایب ‌و تایبەتە، کە کورد وتەنی (لە قوتوی هیچ عەتارێکا نییە)، پێشیوایە، هەر لەبەرئەوەش هێشتا ناوی لێنەنراوە و نەخراوەتە لیستی جۆرەکانی تری دیموکراسیدا، دیموکراسییەکەی ئێمە بە کوتەک ‌و شوڵک‌ و قۆڵبادانە .

ئەو ئەندامەى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسى یەنەکە لە بەشێکى دیکەى نوسینەکەیدا دەپرسێت: نازانم ئەو هەموو نێردە دیبلۆماسی ‌و سیاسی ‌و ناوبژیوانانەی، کە هانمان دەدەن بەپەلەپڕووزە هەڵبژاردن بکەین، بۆ ئاستەنگ‌ و ناڕەوایی‌ و نالەباری دۆخەکە نابینن؟.

ئەوەشى خستوەتەڕوو، بۆ شاندى وڵاتان، کە خۆیان کردووەتە باوکی دیموکراسییەت، نابینن ‌و نابیستن، کە کاراکردنەوەی کۆمسیۆنە ئێکسپایەرەکەمان بە نایاسایی‌ و سەرشکاندن هەلهەلەی بۆ کێشراو پڕۆژەی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکەمان لە یەکێک لە چەکمەچەکانی باڵەخانەی پەرلەمانەکەمانا تۆزی لێنیشتوە و تۆماری دەنگدەرانمان علوجەو فڕی بەم سەردەمە و دانیشتوانی پارێزگاکانمانەوە نییە.

شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، ڕوونیشی دەکاتەوە، چۆن‌ دەبێت جیاوازیی نێوان تۆماری دەنگدەرانی عێراق‌ و هەرێم سەرو نیو ملیۆن دەنگدەربێت، کە بە وتەی شارەزایان ئەو ژمارە زیاد کراوانەی تۆماری دەنگدەرانی هەرێم هەمووی لە هەولێر و دهۆکە لەکاتێکدا، کە زیاتر لە ٦٠ هەزار دەنگیش لە سلێمانی کەمکرابێتەوە، ئایا هەر ئەمە خۆی لەخۆیدا کارێکی ئەوپەری نادادپەروەرانە نییە؟ .

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد  ئەوەشی باسکردووە، ئەگەر هەر کورسییەکی پەرلەمانی هەرێمى کوردستان پێویستی بە ٣٥ هەزار دەنگ بێت، ئایا زیادکردنی ٥٦١ هەزار دەنگ بە واتای مسۆگەکردنی ١٦ کورسی نییە لە دهۆک‌ و هەولێر، ئەی هەر ئەمە خۆی لەخۆیدا کارێکی ئەوپەڕی نادادپەروەرانە و نادیموکراسیانە نییە؟؟.

لەکۆتایدا ئەندامەى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسى یەنەکە دەشڵێت: ئەگەر ئەو هەموو فشار و گوشارە تەنها بۆئەوەیە، کە بڵێن شکور بۆ خوا ئێمەش دیموکراسی پەیڕەو دەکەین ئەوا، ئەمە جگە لە خۆشاردنەوە لەژێر پەردەی دیموکراسیدا، هیچیتر نییە و دەیان هەڵبژاردنیتریش ئەنجامبدرێت، مادام ئه‌لف‌ و بێی دیموکراسی پەیڕەو ناکرێت، ناتوانین شانازیی بەدەنگەکانمان‌و یەکسانی ‌و ئازادییەوە بکەین.

ڕۆژی ٢٢ی ئەم مانگە پەرلەمانى هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا و تێیدا پەدەکە لە دەرەوەى یاسا و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان و بەبێ خستنە دەنگدانەوە لەگەڵ پێکهاتەکان بە وتەى خۆیان کۆمسیۆنیان کارا کردەوە و دوێنێش ئەنجومەنى دادوەری ناوی دوو ئەندامی پارتی لە کۆمسیۆنەکە پەسەند کرد.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×