دادگای فیدراڵی: درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان نادەستورییە
  2023-05-30       699       

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، رایگەیاند، درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، نادەستورییە.

ئاوێنە: دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، لە دانیشتنی خۆیدا سەبارەت بە سكاڵای نایاساییبونی درێژكردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان، بڕیاریدا كە درێژكردنەوەكە نادەستورییە.

دادوەر جاسم محەمەد عەبود، سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی لەدانیشتنەكەدا بڕیارەكەی خوێندەوە كە تێیدا هاتوە، لە دەقی دەستوردا هاتوە كە تەمەنی پەرلەمان چوار ساڵەو هەر دەقێكی دیكەی یاسایی دژبە دەستور، بە پوچەڵ دەژمێردرێت.

هەروەها لە بڕیارەكەدا هاتوە، بەردەوامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بۆ زیاتر لە چوار ساڵ دوای درێژكردنەوەی تەمەنی، دژی حوكمەكانی دەستورەو دادگای فیدراڵی بڕیاریدا بەوەی كە درێژكردنەوەی كاری پەرلەمانی كوردستان نادەستورییەو خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هاتوەو ئەوەشی لەو پەرلەمانەوە لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی دەرچوە، پوچەڵە.

رۆژی 9ی تشرینى یەکەمى ساڵی رابردو، پەرلەمانى کوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانى تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 درێژکردەوە، لە کاتێکدا خولی پێنجەم رۆژی 6-11-2022 کۆتایی هات.

 سروە عەبدولواحید، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى عێراق سكاڵای دژی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان پێشکەشکرد، دوای ئەوەش لەگەڵ سێ سکاڵاى دیکەدا یەکخران کە لە لایەن یوسف محەممەد، سەرۆکى پێشوى پەرلەمانی کوردستان؛ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ و کاوە عەبدولقادر، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى کوردستان پێشکەش کرابون.

 سکاڵاکار لەو سکاڵایەدا داوای هەڵوەشاندنەوەی یاسای ژمارە 12ـی رۆژی 9ی 10ی 2022ـی تایبەت بە درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان كرد بەهۆی "ناکۆکبون"ی لەگەڵ هەردو مادەی 5 و 20ـی دەستوری عێراق، جگە لەوەش لە سكاڵاكەدا هاتبو "مافی دەستوری دیاریکراو لە مادەی 51ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1ـی ساڵی 1992 پێشێل دەکات."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×