لە خولی یەکەمی پەرلەمانەوە تا خولی شەشەم ١٦٠ ژن بوونەتە پەرلەمانتار
  2025-05-19       110       

لە ساڵی ١٩٩٢ یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا، لە خولی یەکەمی پەرلەمانەوە تا خولی شەشەم ١٦٠ ژن بوونەتە ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ 33 ساڵ بەسەر دامەزراندنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان تێدەپەڕێت، کە لە ڕۆژی ١٩ـی ئایاری ١٩٩٢ یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم بەڕێوەچوو.

ڕێژەی بەشداری ژنان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان

لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٥ـی هەرێمی کوردستاندا سیستمی كۆتای ژنان بەپێی یاسای ژمارە 1ـی ساڵی ١٩٩٢ـی هەمواركراو ڕێژەیەک بۆ ژنان دیاریکرا، کە لە ٣٠٪ کەمتر نەبێت، هەروەها بەشداریی ژنان بە درێژایی شەش خولی پەرلەمان بەمشێوەیە بووە:

لە خولی یەکەمدا هەشت ژن، لە خولی دووەمدا ٢٥ ژن، لە خولی سێیەمدا ٣٧ ژن، لە خولی چوارەمدا ٣٠ ژن، لە خولی پێنجەمدا ٣٢ ژن، لە خولی شەشەمدا ٢٨ ژن بونەتە پەرلەمانتار .

ژنانی پەرلەمانتار بەپێی دابەشبوونی حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەمجۆرەن:

٦٢ ژنی پەرلەمانتاری پەدەکە، ٤٤ ژنە پەرلەمانتاری یەنەکە، ١٥ ژنە پەرلەمانتاری یەکگرتوویی ئیسلامی، ٢٢ ژنە پەرلەمانتاری گۆڕان، حەوت ژنە پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسڵامی، دوو ژنی پەرلەمانتاری پارتی سۆسیالیست، دوو ژنی پەرلەمانتاری ڕەوتی هەڵوێست، چوار ژنە پەرلەمانتاری نەوەی نوێ، یەك ژنە پەرلەمانتاری سەربەخۆ، یەك ژنە پەرلەمانتاری بەرەی گەل.

بەشداری ژنان لە هەڵبژاردندا

تێکۆشان و هەوڵدانەکانی ژنانی باشووری کوردستان لەپێناو بەرزکردنەوەی ئاستی بەشداری ژنان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە، بەڵام حزبەکان پێگەی ژنان بۆ کۆکردنەوەی دەنگی هاوڵاتییان و بەکارهێنانی سیستمی کۆتا بۆ بەرژەوەندی خۆیان و تێپەڕاندنی ژنان بۆ ناو پەرلەمان بەکار دەهێنن.

هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٣، هاوپەیمانی ژنانی کوردستان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێم سەردانی ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیان کرد و پڕۆژە یاساییەکیان ئاڕاستەی سەرۆکی پەرلەمان کرد، داوایان کرد بەشێوەیەکی یاسایی لە ٥٠٪ـی کورسییەکانی پەرلەمانی هەرێم بۆ ژنان بێت.

چالاکوانان دەڵێن، ڕێژەیەکی زۆری ژنانی ڕۆشنبیر و ئەکادیمی هەیە، هیچ هۆکارێک بۆ جیاوازی نێوان ژنان و پیاو نییە، بەشداری ڕاستەقینەی ژنان زامنی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×