بۆری ئاوی ئیفراز سێ شكا و 40%ی هەولێر بێ ئاو دەبێت
  2025-05-19       185       

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم رایگەیاند، سەعات 3ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دوشەممە، جارێكی دیكە بۆری ئاوی ئیفراز سێ شكاو بەو هۆیەوە 40%ی دانیشتوانی شاری هەولێر بێ ئاو دەبن.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم، كەمێك لەمەوبەر لە راگەیەندراوێكدا لەزاری رابەر حسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێرەوە ڕایگەیاند "نزیکەی کاتژمێر 03:00ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دوشەممە، 19-05-2025، لە نزیك گوندی (دارەبەن)ی هەولێر، بۆری ئاوی ئیفراز سێ شكا."

بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد "لە قۆناغی یەکەمدا، بەهۆی شكانی بۆرییەكەوە، پرۆژەی ئاوی ئیفراز سێمان كوژاندوەتەوە. تیمەکانمان گەیشتونەتە شوێنی شکانی بۆرییەکە، کە ئاوەکە وەستایەوە، دەست بە چاککردنەوەی دەكەن."

لەبارەی چۆنییەتی شکانی بۆرییەکە، ڕابەر حسێن وتیشی "هەرچەندە جارێ لێکۆڵینەوە تەواو نەبوە، بەڵام پێدەچێت بەهۆی کارپێکردنی حەفارەیەکی گوندەکە، بۆرییەکە شکا بێت."

لەلای خۆیشیەوە موختاری دارەبەن ڕایگەیاند، من کاتێک بەرەو هەولێر دەڕۆیشتم بینیم ئەو بۆرییە شکاوە، ئەوکات منیش پەیوەندیم بەلایەنی پەیوەندار کرد، ئەوانیش ئاوەکەیان گرتەوە، بەڵام ئەو ئاوەی ئێستا لە بۆییەکە دێتە دەرەوە هی ناو بۆریەکەیە.

وتیشی "پێشتر ئەو شوێنە هەندێک ئاوی لێ دەهات، بەڵام ئێستا زیادی کردوە. پێشتر بۆریەکە هیچ کێشەیەکی نەبوە بەڵام نازانین هۆی شکانەکە چییە."

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، پڕۆژەکانی ئیفراز لە هەولێر نیوەی ئاوی خاوێنی سنورەکە دابین دەکەن. تەنیا پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ سەرچاوەی سەرەکی نزیکەی 40 گەڕەکی شاری هەولێرە کە دەکاتە 40%ـی دانیشتوانی شارەکە.

هەولێر 3 پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی هەیە؛ ئیفراز یەک کە ساڵی 1967 دروستکراوە؛ ئیفراز دو كە ساڵی 1982 و ئیفراز سێ كە ساڵی 2007 کەوتوەتە کار.

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×