نێچیرڤان بارزانی: هەرێمی كوردستان نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە لەسەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ
  2025-05-19       119       

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ دوشەممە، لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئیران، جەختی كردەوە كە به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك ڕێگه‌ نادرێت خاك و سنوره‌كانى هەرێم ببنه‌ سه‌رچاوه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر ئاسايشى وڵاتانى دراوسێ.

ئاوێنە: سەرۆكایەتی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا وتی، له‌ دوه‌م ڕۆژى سه‌ردانەكەيدا بۆ تاران، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێم، له‌گه‌ڵ عه‌لى ئه‌كبه‌ر ئه‌حمه‌ديان، ئه‌ميندارى ئه‌نجومه‌نى باڵاى ئاسايشى نه‌ته‌وه‌يى كۆمارى ئيسلاميى ئێران، كۆبوه‌وه‌.

بەپێی راگەیەندراوەكە، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا په‌يوه‌ندييه‌كانى كۆمارى ئيسلاميى ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كران و ده‌رباره‌ی هه‌ماهه‌نگی و هاريكاريى هاوبه‌شيان به‌تايبه‌تى له‌ بوارى پاراستنى ئاسايش و سه‌قامگیریدا، بیروڕایان گۆڕییه‌وه‌.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبونه‌وه‌كه‌دا نێچيرڤان بارزانى، جه‌ختى له‌ هه‌ڵوێستى هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ كه‌ به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك ڕێگه‌ نادرێت خاك و سنوره‌كانى ببنه‌ سه‌رچاوه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر ئاسايشى وڵاتانى دراوسێ.

سەرۆكایەتی هەرێم وتوشیەتی، دوایین پێشهاته‌کان و دۆخی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و چه‌ند پرسێکی جێی بایه‌خی هاوبه‌ش، ته‌وه‌ری دیکه‌ی کۆبونه‌وه‌که‌ بون.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×