وەزیری تەندروستی هەرێم هۆشداری دەدات: تای خوێنبەربون زیادیکردوە
  2023-06-01       483       

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رێژەی توشبون بە تای خوێنبەربون لە پارێزگاکانی عێراق زیادیکردوە و لە هەرێمی کوردتسانیش دوێنێ دوەمین حاڵەتی گیان لەدەستدان تۆمارکراوە.

ئاوێنه‌: سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە لەمیانی بەسەرکردنەوەی نەخۆشخانەی منداڵان لە شاری هەولێر، رایگەیاند، "دوێنێ دوەمین حاڵەتی گیان لەدەستدان بە تای خوێنبەربون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا، چەند رۆژێک بەر لە ئێستا وتمان کە نیگەرانین لە بونی ئەم حاڵەتە بەڵام مانای وانیە کە نابێت، بەڵکو ساڵانە یاخود چەند ساڵێک جارێک سەرهەڵدەدات، ماوەیەکی زۆربو لە هەرێم نەبو، بەهۆی زیادبونی حاڵەتەکانی لە عێراق جارێکی دیکە لە هەرێم سەریهەڵداوەتەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی توشبون و داخڵبون و مردن لەنێو ئەو کەسانەی کە توشی تای خوێنبەربون دەبن زۆرە، چەندین حاڵەتی دیکە هەبون لە هەرێم کە گومانیان لێکراوە، بەڵام پشکنینی کۆتایی بۆ هەمو توشبوەکان دەکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت کە ئایا پەتاکەیە یاخود نا و حاڵەتەکە پشتڕاستبکرێتەوە.

پەیوەست بە حاڵەتە تۆمارکراوەکان لە هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی وتی، "حاڵەتی یەکەم لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بو حاڵەتی دوەمیش لە شاری هەولێر بو، هەردو حاڵەتەکە راستەوخۆ پەیوەندی بە ئاژەڵەوە هەبوە، حاڵەتی یەکەم خاوەنی ئاژەڵ بوە و ئاژەڵەکە نەخۆش بوە، چونکە نەخۆشییەکە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە رێگەی ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە، حاڵەتی دوەمیش مامەڵەی لەگەڵ سەربڕینی ئاژەڵ بوە". 

ئەوەشی خستەڕو، "لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و تیمی ڤێرتەرنەی تیمی هاوبەشمان دروستکردوە و کۆمەڵێک رێکاری خۆپارێزی و چارەسەریان گرتوەتە بەر، بەڵام ئەوانەی ئاژەڵیان هەیە و ئاژەڵ سەردەبڕن دەبێت رەچاوی رێنمایی تەندروستی بکرێت و هاوڵاتیانش تەنها لە شوێنە داخراوەکان گۆشت بکڕن".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×