پارتی بۆ یەکێتی: جەخت لەسەر هەڵبژاردن و تەبایی دەکەینەوە
  2023-06-01       507       

مەکتەبی سیاسیی پارتی پیرۆزبایی یادی 48 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی دەکات و رایگه‌یاند، جەخت دەکەنەوە لە هەماهەنگی و تەبایی و دۆستایەتیی تێکڕای هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ رووبەرووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ئێستا و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
 
ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ی حوزه‌یرانی 2023، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە یەکێتی کرد، دەڵێت: "ئەوە وەکو دەرفەتێک دەبینن بۆ جەختکردنەوە لە داکۆکیکردن لە مافەکانی هاووڵاتییان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانمان و، پتەوکردنی گیانی یەکگوتاری و یەکهەڵوێستی سیاسی لەپێناو بەرژەوەندی هاووڵاتیانی کوردستان".

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پارتێکی سیاسییە لە باشووری کوردستان و شوێنگەی سەرەکیی دەکەوێتە شاری سلێمانی، ئەندامە لە رێکخراوی سۆسیالیست ئینتەرناسیۆنالی جیھانیی و لە یەکی حوزەیرانی ساڵی 1975 دامەزراوە.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا پارتی باسی چارەسەرکردنی کێشەکان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی کردووە و دەڵێت، جەخت لە "ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و بەهێزترکردنی پایەکانی دیموکراسی" دەکەنەوە.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەدوای پارتی دیموکراتی کوردستان دووەم گەورەترین حزبە کە لە پەرلەمانی کوردستاندا لەکۆی 111 کورسی، خاوەنی 21 کورسییە، لەپێش ئەوەوە پارتی دیموکراتی کوردستانە کە 45 کورسی هەیە و گۆڕانیش لە پلەی سێیەمە بە 12 کورسی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×