قوباد تاڵەبانی: روداوەكانی ئەم دواییە دەریانخست سیاسەتی قۆڵبادان دەبێتە هۆی شكستی بەكۆمەڵ
  2023-06-01       564       

قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتاریەتی مام جەلال رایگەیاند، حزبەكەیان هەمیشە دیالۆگی بە چارەسەری كێشەكان زانیوە. دەشڵێت، روداوەكانی ئەم دواییە دەریانخست كە سیاسەتی قۆڵبادان و فەرزكردنی ئیرادە بەسەر یەكتریدا دەبێتە هۆی شكستی بەكۆمەڵ.

ئاوێنە: ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە رێوڕەسمی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی كە لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە هەولێر بەڕێوەچو، قوباد تاڵەبانی وتاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی خوێندەوە.

قوباد تاڵەبانی وتی"دوای 10 ساڵ لە کێشەو ئاڵۆزییەکان بۆ یەکێتی و لەدوای نەخۆشکەوتنی سەرۆک مام جەلال و پاشان کۆچی دوایی کرد، لەو قۆناغەدا قارەمانێکی گەلەکەمان کاک کۆسرەت و خانمە پۆڵاینەکەی یەکێتی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، نەخۆشکەوتن و ناچاربون دوربکەونەوە لە سیاسەت، دواجار هیواو سەقامگیری بۆ حزبەکەمان بە سەرکردایەتی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بە هێزێکی نوێ دەگەڕێتەوە."

وتیشی: "ئەمڕۆ وەک ساڵی 1975 کوردستان پڕبوە لە بێ هیوایی و پەیامەکان رونن کە خەڵک داوای خزمەتگوزاری و کوردستانێکی باشتر دەکەن، لەو چوارچێوەیەشدا یەکێتی نەک هەر پرەنسپەکانی نوێ دەکاتەوە بەڵکو پشتیوانی ژنان و بنبڕکردنی گەندەڵی و هێنانە کایەی شەفافیەت و هەمو ئەو پرسانە دەکات کە خزمەتی خەڵک دەکەن، هەروەها یەکێتی پێی وایە ئابورییەکی بەهێزمان لەگەڵ بەغدا بە یەکگرتویی دەستدەکەوێت، ئەمە جگە لەوەی پێویستە لە کوردستانیش یەکگرتو بین، تا لە بەغدا بەهێز بین".

قوباد تاڵەبانی ئەوەشی وت"یەکێتی وەک هەمیشە دیالۆگی بە چارەسەری کێشەکان زانیوە، بۆیە ئێستاش تەئکید دەکەینەوە، با دەستبکەین بە دیالۆگی نیشتمانی و لەپێناو خەڵک، چونکە روداوەکانی ئەم دواییە دەریانخست کە سیاسەتی قۆڵبادان و فەرزکردنی ئیرادە بەسەر یەکتریدا تەنها دەبێتە هۆی شکستی بە کۆمەڵ، کەواتە لەگەڵ ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن، بەڵێ هەڵبژاردنیش ئەنجام دەدرێت."

هەروەها وتیشی"دڵنیام داهاتوی یەکێتی و کوردستانەکەمان لە چوارچێوەی عیراقێکی فیدراڵیدا بەهێزتر دەبێت، هەروەک چۆن لە ساڵی 1975دا جارێکیدیکە هیوای هاوڵاتیانمان بەدیهێنایەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×