دو نوێنەری وانەبێژان: بڕیارە یەكشەممە لە هەولێر دادگایی بكرێین
  2023-06-01       653       

دو نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ دەڵێن، بڕیارە رۆژی یەكشەممەی داهاتو لە داواكاری گشتی هەولێر دادگایی بكرێن لەسەر داواكردنی مافە سەرەكی و ئاساییەكانی وانەبێژان. ئەوەش لەدوای ئەوەی نزیكەی نۆ مانگ لەمەوبەر بە كەفاڵەت ئازادكران.

ئاوێنە: كارزان فیزیك و عەلی رەئوف مستەفا، نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی كوردستان، ئەمشەو پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا دەڵێن"بڕیارە ڕۆژی یەكشەممە 4ی 6ی 2023 لە داواكاری گشتی هەولێر دادگایی بكرێین لەسەر ئەم مافە سەرەكی و یاسایی و ئاساییەی خۆمان كە بریتین لە دامەزراندن و بەرزكردنەوەی ئەم دروشمانە (وەك مامۆستای هەمیشە بمانكەن بەهەمیشە، بەڵێ بۆ دامەزراندن)و ئەنجامدانی خۆپیشاندانی مەدەنی و ئاشتیانە لەبەردەم بینای ئەنجومەنی وەزیران كە لە ڕێكەوتی 6ی 9ی 2022 ئەنجاممانداو دواتر بە كەفالەتی 10 ملیۆن دینار ئازاد كراین."

هەروەها ئاماژە بەوەش دەكەن كە "لەپاش نزیكەی  نۆ مانگ لە ئازادكردنمان بەكەفالەت، لەئێستادا بڕیارە لە ڕێكەوتی 4ی 6ی 2023دا كۆتا دادگایی بكرێین."

ئەو دو نوێنەرەی مامۆستایانی وانەبێژ دەشڵێن"لەپاش پشتیوانی خوای گەورە، پێویستمان بە پاڵپشتی ئێوەی مامۆستایانی وانەبێژە، پاشان سەرجەم ڕێكخراوەكانی داكۆكیكردن لە مافی ئازادی و مافی مرۆڤ و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و یونامییە."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×