عەلی حەمەساڵح بۆ رێبەر ئەحمەد: دژی ئەوەین لە ژێر چەتری سەلامەتی خەڵکدا بزنس بکرێت
  2023-06-04       896       

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی دەستلەکارکێشاوەی پەرلەمانی کوردستان وەڵامی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ دەداتەوە و دەڵێت، "ئێمە پۆپۆلیست نین"، دژی ئەوەن لە ژێر چەتری سەلامەتی خەڵکدا بزنس بکرێت بۆ بەرژەوەندی دو کۆمپانیای دو زۆنی، ئەوەش وەک ئاماژەیەک کە کامێراکانی پۆینت تو پۆنیت لەبەرژەوەندی پارتی و یەکێتیدایە.

ئاوێنە: عەلی حەمەساڵح لە پەیامێکدا کە وەڵامی وتەکانی رێبەر ئەحمەدی داوەتەوە، نوسیویەتی، "وەڵام بۆ وەزیری ناوخۆ، لەسەرەتاوە دژی بوم، تاکۆتایی دژی دەبم، هەمو رێگارێکی یاسایی دەگرمە بەر، ئێمە پۆپۆلیست نین، دژی ئەوەین لە ژێر چەتری سەلامەتی خەڵکدا بزنس بکرێت بۆ بەرژەوەندی دو کۆمپانیای دوو زۆنی".

ئەو وتانە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ رێبەر ئەحمە لەبارەی رەخنەکان لە کامێرای  پۆینت تو پۆینت، رایگەیاند، هەندێک کەس بەناوی "شارەزا و پسپۆڕ" لێناگەڕێن خەڵکی پسپۆڕی کاری خۆی بکات و دامەزراوەکانی حکومەت کار خۆیان بکەن، "ئەو پۆپۆلیستانەی کەوا دەڵێن خەڵک زەرەرمەند دەبێت بیر لە سەلامەتی هاوڵاتیان لەسەر شەقامەکان ناکەنەوە".

عەلی حەمەساڵح هەروەها دەڵێت، "نزیکەی 500 کامێرا بە سیستمی پۆینت تو پۆینت دابندرێت و 903 ئۆتۆمبیلی سفر کیلۆمەتر لە کۆمپانیا وەربگیرێت، ئەمە مەترسیدارە، هەرچی کایەی حوکمڕانیە بدرێتە کۆمپانیا! کام کۆمپانیاش!، من لە سەرەتاوە دژی بوم و تاکۆتایی دژی دەبم".

هەروەها لە پەیامەکەیدا بۆ وەزیری ناوخۆ نوسیویەتی، "ئەوەی ئێوە کردوتانە پێچەوانەی یاسایە ( نوسراوی داواکاری گشتی ڕونە) دۆخی خراپی ڕێگاوبان و گوزەرانی خەڵک و داهاتی تاک ڕەچاونەکراوە، سزا نادرێتە کۆمپانیا، هێنان و دانان و بەڕێوەبردنی کامێرا نادرێتە کەرتی تایبەت، فەرمو، گەر لە خەمی هاتوچۆی خەڵکدان، سەرەتا شەقامەکان چاک بکەن".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×