ئەنجومەنی گەلی مەخمور ڕایگەیاند، گەمارۆکانی سەر کهمپی مەخمور پیلانی پارتیو توركیا بوو، ویستیان لهڕێگەی سوپای عیراقەوە جێبەجێی بکەن، بەڵام "پەنابەرانی کهمپهكه بەرخۆدانیان کردو لەکۆتاییدا لەڕێگای گفتوگۆوە ڕێککەوتنمان کردو هێزەکانی عێراق کشانەوەو ئێمەش کۆتاییمان بەچالاکییەکانمانو هەڵدانی چادر هێنا."
ئاوێنه: ئێوارەی ئەمڕۆ یهكشهممه، لەناوەندی خانەوادەی شەهیدان لەکهمپی مەخمور لەلایەن ئەنجومەنی گەلی دیموکراتیکی کهمپی مەخمورەوە لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا، بەیاننامەیەک ڕاگەیەندراو لەلایەن یوسف کارا هاوسەرۆکی ئەنجومەنەکەوە خوێندرایەوە.
ئەنجومەنی گەلی مەخمور دهڵێت، "پەنابەرانی کهمپهكه بەرخۆدانیان کردو لەکۆتاییدا لەڕێگای گفتوگۆوە ڕێککەوتنمان کردو هێزەکانی عێراق کشانەوەو ئێمەش کۆتاییمان بەچالاکییەکانمانو هەڵدانی چادر هێنا."
دهشڵێت، "گەمارۆکانی سەر کهمپی مەخمور پیلانی پارتیو توركیا بوو، ویستیان لهڕێگەی سوپای عیراقەوە جێبەجێی بکەن".
لە ٢٠ی ئایارەوە، سوپای عێراق گەمارۆیان خستەسەر کهمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لەمەخمورو هەوڵیاندا تەلبەندی بکەن، لەو کاتەوە تا ئێستا کە ١٦ڕۆژ دەکات، پەنابەرانی مەخمور لەبەرامبەر ئەم هەوڵانە وەستانهوه.
دەقی بەیاننامەکەی ئەنجومەنی گەلی مەخمور:
ماوەی ١٦ڕۆژە خەڵکەکەمان لەدژی گەمارۆکانی سوپای عێراق بەرخۆدان دەکەن، ئەم هەوڵدانە نوێ نییە و دوو ساڵە لە ڕۆژەڤدایە، چونکە ساڵی ٢٠٢١ـیش سوپای عێراق بەهەمان شێوە هەوڵیاندا کامپەکەمان تەلبەند بکەن، ئەم گەمارۆیانە بە فشاری دەوڵەتی داگیرکەریی تورک و هەندێک هێزی ناوچەکەیە وەک ماڵباتی بارزانی، ئەمە بەشێکە لە پیلانگێڕییەکانی دەوڵەتی تورک و پەدەکە، ئێمە وەک پەنابەرانی کامپی مەخموور تا ئێستا هیچ یاسایەکی عێراقمان پێشێل نەکردووە، عێراقیش ئەمە دەزانێت، لە کۆبوونەوە و گفتوگۆکانمان لەگەڵ سوپای عێراق داوامان کرد کە خواستی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک و پەدەکە جێبەجێ مەکەن و گەمارۆمان مەدەن.
سوپای عێراق لە ٢٠ـی ئەم مانگەوە هەوڵدەدەن دەورمان تەلبەند بکەن و خەندەق بکۆڵن، بە زرێپۆش و چەکی قورس و هێزێکی زۆرەوە، کامپەکەیان گەمارۆداوە، وێڕای ئەمانەش گەلەکەمان بەرخۆدانی خۆیان نیشانی عێراق دا، دەربارەی ئەم پرسە ئێمە زنجیرەیەک چاوپێکەوتن و کۆبوونەوەمان ئەنجامدا، کۆتاجار لە بەغدا کۆبوونەوەیەکمان کرد، لە ئەنجامی ئەو کۆبوونەوەشدا، لەڕێگای گفتوگۆوە گەیشتینە ڕێککەوتن.
ئەو هێزە زۆرەی عێراق کە هاتبوون کامپەکە گەمارۆ بدەن، پاشەکشەیان بە هێزەکانیان کرد و ئێمەش کۆتاییمان بە چالاکییەکانمان و هەڵدانی چادر هێنا، بەڵام با هەموو کەسێک ئەوە باش بزانێت، هەرکاتێک هێرشێک لەسەر کامپەکەمان دروست ببێت و هەوڵبدەن ئیرادەی گەلەکەمان بشکێنن، ئەوا ڕووبەڕووی بەرخۆدانی گەلی مەخموور دەبنەوە، ئێمە لەسەرەتاوە دەمانویست ئەم کێشەیە بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت و لە کۆتاییشدا بەوشێوەیە بوو.
ئێمە وەک پەنابەرانی کامپی مەخموور سوپاسی هەموو ئەو ڕێکخراو و پارت و کەس و لایەنانە دەکەین، کە لەسەر ئێمە بەدەنگ هاتن و لەسەر پێ بوون، مەخموور نموونەی بەرخۆدانە و پێویستە کوردان لەهەموو ڕوویەکەوە یەکگرتوویی خۆیان دروست بکەن.