لە هەفتەی ڕابردووە كامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە ڕێگای سلێمانی دوكان كەوتۆتەكار، پێشتریش لە شەقامی سەد و بیستی هەولێر ئەو كامێرایانە دانراون، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەش ژمارەیەك ڕێكخراوی كۆمەڵگای مەدەنی ڕایانگەیاند، بەهۆی نایاسایی شێوازی گرێبەستی ئەو كۆمپانیایانە كە خاوەندارێتیان دەگەڕێتەوە بۆ كەرتی تایبەت، سكاڵای خۆیان دەگەیەننە دەستەی دەستپاكی و داواكاری گشتی.
ئاوێنه: حاكم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی لە هەرێمی كوردستان سەبارەت بە سكاڵاكان لەسەر كۆمپانیای خاڵ بۆ خاڵی هاتوچۆ بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند: لەلایەن كۆمەڵێك ڕێكخراو لە داواكاری گشتی سكاڵا تۆمار كراوە، وە هاتۆتە لای ئێمەش، لێكۆڵینەوەیەكی ئوسوڵیمان كرد و نوێنەری وەزارەتی ناوخۆمان بانگكرد و سەرجەم گرێبەستەكانمان داواكردووە.
سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێم وتیشی دیارە (اعتراچ) ناڕەزایەتی دەربڕین لەسەر خودی دانانی كامێراكان نییە، بەڵكو لەسەر چەند خاڵێكە لەوانە بۆچی ئەو كارە دراوەتە كەرتی تایبەت؟ ئایا نەدەكرا حكومەت خۆی بیكات؟ یاخود ئایا كەرتی تایبەت مافی هەیە لەوەی غەرامە دیاری بكات؟ ئێمە پاش ئەوەی نوێنەری وەزارەتی ناوخۆمان بانگكرد بابەتەكەمان (تحویل) ی هەولێر كردووە، چونكە ئەو شوێنەی گرێبەستەكەی تێدا كراوە وەزارەتی ناوخۆیە، ئەوان هیچ لارییان نەبوو و وتیان لە ئیشەكانی خۆمان بەردەوام دەبین.
وتیشی:ئەگەر قەزیەكە چووە دادگا و لێكۆڵینەوەی تێدا تەواو بوو ئەو كاتە بڕیاری دادگا هەرچیەك بوو ئەوان پێوەی پابەند دەبن.
ئەو دوو خاڵەی داوای هەمواركردنەوەی دەكەن...
سەرۆكی دەستەی دەستپاكی لە هەرێم ئاماژەی بەوە كرد بنەمای دانانی كامێراكان باشە، بەڵام ئەگەر گرێبەستەكە كەموكورتی تێدابێت دوو خاڵ دەستنیشان كرابوون داوامان كردبوو هەمواری بكەنەوە، یەكێك لەوانە پێدانی پێشەكی پارەكەیە بە ئەوان، چونكە ڕێككەوتنەكە بەو جۆرەیە لە نێوان ئەو كۆمپانیایە و حكومەت كە لە ساڵێكدا كۆمپانیاكە تەواوی خەرجییەكانی خۆی وەردەگرێتەوە و 80% داهاتەكە بۆ كەرتی تایبەت بۆ كۆمپانیاكە دەبێت و 20% ی بۆ حكومەت دەبێت لە دوای تەواوبوونی ئەو پارەیەی كە خەرجیكردووە ئەو كۆمپانیایە ئیتر گرێبەستەكە دەگۆڕێت بۆ گرێبەستێكی خزمەتگوزاری، واتە ئەوان تەنها صیانە دەكەن و 20% وەردەگرن.
وتیشی بەدڵنیاییەوە من وەكو ڕای كەسی خۆم پێمخۆشە ئەو ئیشانە حكومەت خۆی بیكات، بەڵام كە حكومەت نایكات و دەیداتە كەرتی تایبەت ڕەنگە لە (صلاحیات) ی گرێبەستەكە زۆر كێشە نەبێت، بەڵام لە وردەكارییە كێشەكە هەبێت ئەو بابەتە ئێستا لای ئێمە لە لێكۆڵینەوەیە ئەگەر زانیمان كەموكورتیەكی جددی هەیە لەگەڵ یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستاندا ئەو كاتە ڕاسپاردەی خۆمان دەكەین بۆ وەزارەتی ناوخۆ بۆ هەمواری ئەو خاڵانەی كە پێویستە هەموار بكرێنەوە.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی لە حاڵەتی ئەوەی ئەو ناڕەزایەتیانە ڕاستن ئایا ئێوە دەتوانن چی بكەن؟
حاكم ئەحمەد ئەنوەر: ئێمە وەكو دەزگایەكی چاودێری چەكی دەستی ئێمە یاسایە ئەگەر ڕاسپاردەكان لەسەر ئەوە بوو چەند بەندێك لە گرێبەستەكە هەموار بكرێنەوە ئەوە بەدڵنیاییەوە داوا لە وەزارەتی ناوخۆ دەكەین و پێشبینیش دەكەین وەزارەتی ناوخۆ پابەند بێت بە ڕاسپاردەی ئێمەوه.
ئایا دەكرێت گرێبەستەكە هەڵبوەشێتەوە؟
سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێم وتی: بۆ ئەو گرێبەستە پێویستمان بە بڕیارێك لە دادگایە، ئێستا بابەتەكە لە دەستەی دەستپاكییە و نەچۆتە دادگاكان ئەگەر زانیمان پێویست دەكات بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكە دەچێتە دادگا، وەكو دەزانرێت پرۆسەی دادگاییكردن پرۆسەیەكی خاو ولەسەر خۆیە و چەندین مانگ دەخایەنێت.
هەروەها وتی: ڕای هەردوولا وەرگیراوە و ڕای ئەو خەڵكەش وەرگیراوە كە سكاڵاكەی كردووە هەم سكاڵاكار و هەم كۆمپانیای جێبەجێكار و ئەو لایەنە فەرمیەش كە گرێبەستەكەی كردووە لە دوای تەواوبوونی بابەتەكە ئێمە لە هەر بارێكدا بشكێتەوە هەوڵدەدەین بەو شێوەیە بێت و ئەنجامەكەشی ڕادەگەیەنین.
ئایا كۆمپانیاكان نزیك لە حزبە دەسەڵاتدارەكانن؟
حاكم ئەحمەد ئەنوەر وتی ئێمە وەكو دەزگایەكی چاودێری لەسەر چۆنیەتی گرێبەستەكە و دەسەڵاتی گرێبەستەكە كە وەزیری ناوخۆش ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی وەرگرتووە ئینجا دێینە سەر بەندەكانی گرێبەستەكە، ئێمە لە كوردستان دەژین و زۆر واقیعیشە دوور نییە ئەو كۆمپانیایە لە لایەنێكەوە نزیك بێت، بەڵام من بۆخۆم زانیاریم لەسەری نییە ڕەنگە ئەوە زۆر بابەتێكی گرنگ نەبێت.
سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی دەستپاكی وتیشی ئەوەی گرنگە ئەو كۆمپانیایە خزمەتگوزاری دەكات دەبێت ئەو خزمەتگوزارییە لە چوارچێوەی یاسابەركارەكانی هەرێمی كوردستاندا بێت، بەدڵنیاییەوە هەموو كۆمپانیایەكیش بۆ قازانج دەیكات، ئەگەر ئەو بابەتە ڕاست بێت یان ڕاست نەبێت گریمانەیەكە و ڕێی تێدەچێت، بەڵام ئێمە كێشەمان لەسەر ئەوەیە خودی گرێبەستەكە چۆنە و ئایا چ خزمەتێك پێشكەش دەكات و ئایا لە دوای تەواوبوونی ئەو بابەتە حكومەت چۆن سوودمەند دەبێت لەو پرۆسەیە؟ پرۆسەكە تازە دەستیپێكردووە .
(لە ماوەی دوو مانگدا بەهۆی دانانی ئەو كامێرانەوە یەك ڕووداوی هاتوچۆ لەوێدا ڕووینەداوە)
لای خۆشیەوە فازڵ حاجی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند وردەكاری و سكاڵای خەڵكی لەسەر گرێبەستەكە لای ئێمە نییە وەك بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ، چونكە ئێمە تەنها لایەنی هونەری و جێبەجێكارین وردەكارییەكەی تری پەیوەندی هەیە بە وەزارەتی ناوخۆوە.
حاجی ئاماژەی بەوەكرد، لە ئێستادا كە لە شەقامی سەد و بیست مەتری هەولێر دانراوە، پێشتر ئەو شوێنە ڕۆژ نەبوو ڕووداوی تێدا ڕوونەدات، بەڵام ئەوە ماوەی دوو مانگە دامانناوە یەك ڕووداوی هاتووچۆ ڕووینەداوە، بەڵگەش بۆ ئەو قسەیەم پێشتر بەربەستی كۆتایی شەقامەكەمان چەندین جار نۆژەنكراونەتەوە، بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە، بەڵام ئێستا ڕووداو ڕووینەداوە و پێویستی بە نۆژەنكردنەوە نییە.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر ئەوەشی وت: ئەو كامێرایانە(خاڵ بۆ خاڵ) هیچ جیاوازی نییە لەگەڵ كامێراكانی پێشووی هاتوچۆ، هەروەك چۆن ئایفۆن مۆدێلی نوێ و ڤێرژنی نوێی هەیە ئەم كامێرایانەش مۆدێل و ڤێرژنی نوێی كامێرای هاتوچۆن.