قوباد تاڵەبانی: پێویستە هەرێم و بەغدا هەماهەنگ بن تا لەنزیکترین کاتدا هەڵبژاردنی هەرێم بەڕێوەبچێت
  2023-06-08       592       

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا، رایگەیاند، پێویستە هەماهەنگی لەنێوان هەرێم و بەغدا هەبێت تا بتوانرێت لە نزیكترین كاتدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت. داواشیكرد ئەمریكاو هاوپەیمانان رۆڵی خۆیان ببینن لە نزیككردنەوەی بۆچونی لایەنەكان.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی پێشوازیکرد لە ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و لەکۆبونەوەی نێوانیاندا دۆخی ناوخۆی هەرێم و پرسی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و چۆنییەتی هاوکاریکردنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستان تاوتوێ کران.

لە تەوری یەکەمی کۆبونەوەکەدا، کە تیایدا ئێرڤن هیکس کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێم ئامادەی بو، باڵیۆزی ئەمریکا باسی سەردانەکەی خۆی بۆ شاری سلێمانی و کۆبونەوەی لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی کرد. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران دەستخۆشی لە باڵیۆزی ئەمریکا کرد بۆ کۆبونەوەی لەگەڵ رێکخراوەکان و هیوای خواست باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ لەمەودوا زیاتر و لە نزیکەوە کار لەگەڵ ئەو رێکخراوانە بکات و زیاتر هاوکاربێت لە گەشەپێدانی کۆمەڵگای مەدەنی لە کوردستان.

هەر لەم چوارچێوەیەشدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، نابێت وڵاتانی دۆست و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان تەنها گرنگی بە رێکخراوەکانی شارە گەورەکان بدەن، بەڵکو پێویستە هاوکاری رێکخراوەکانی شارۆچکەکانی دیکەش بکەن تا کۆمەڵگای مەدەنی بەشێوەیەکی هاوسەنگ لە هەمو ناوچەکانی کوردستان گەشە بکات.

لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا باسی دۆخی سیاسی ناوخۆی هەرێم کراو هەردولا هاوڕابون کە پێویستە بە گفتوگۆ هەمو کێشەکان چارەسەربکرێن. قوباد تاڵەبانی نەیشاردەوە نیگەرانە لە بەردەوامی ناکۆکییە سیاسییەکان، بەوپێیەی کاریگەری خراپی لەسەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان دروست کردوە و پێگەی هەرێمی کوردستانیشی لە بەغدا لاواز کردوە.

سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانیش، جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند، پێویستە هەماهەنگی هەبێت تا بتوانرێت لە ماوەیەکی نزیکدا و بە باشترین شێوە هەڵبژاردنەکان بەڕێوەبچێت. داواشیکرد ئەمریکا و هاوپەیمانان هاوکاربن و رۆڵی خۆیان ببینین لە نزیککردنەوەی بۆچونی لایەنەکان.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا باسی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق کرا، لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی هیوای خواست یاساکە بە جۆرێک پەسند بکرێت کە لە بەرژەوەندی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان و هەمو عێراقدا بێت. داواشیکرد پەرلەمانتارانی عێراق لەکاتی دەنگدان بە پڕۆژە یاساکە بەرژەوەندییەکانی هەمو هاوڵاتییانی عێراق لەبەرچاو بگرن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×