بافڵ تاڵەبانی بۆ وەزیری ناوخۆی عێراق: ئامادەی هەمو هاوكارییەكین بۆ هێزەكانی ناوخۆی عێراق
  2023-06-08       760       

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە سلێمانی پێشوازی كرد لە عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق و لە كۆبونەوەی نێوانیاندا ئامادەیی هەمو هاوكارییەكی بۆ هێزەكانی ناوخۆی عیراق دەربڕی.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی پێشوازی لە عەبدولئەمیر شەمری، وەزیری ناوخۆی عیراق كردو لە كۆبونەوەكەدا دۆخی ئەمنیی وڵات و یەكخستنی هەوڵەكان لەپێناو پاراستنی سەقامگیری گفتوگۆی لەبارەوەكرا و جەخت لە فراوانكردنی هاوكاری و هەماهەنگییەكانی نێوان دەزگا ئەمنییەكانی هەرێم و عیراق كرایەوە.

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، بافڵ تاڵەبانی "ئامادەیی هەمو هاوكارییەكی بۆ هێزەكانی ناوخۆی عیراق دەربڕی" و رایگەیاند، "پاراستنی ژیانی هاوڵاتیان و سەقامگیریی ناوچەكە بەرپرسیارێتیی هەمومانە، بەردەوامیی هەماهەنگییەكانیش فاكتەری بەهێزبون و هەنگاوی زیاترە لەپێناو روبەڕوبونەوەی یاساشكێنان و هەمو ئەوانەی ئارامیی وڵات دەخەنە مەترسییەوە."

لە كۆبونەوەكە رەفعەت عەبدوڵا، بڕیاردەری دەستەی کارگێڕی و شاڵاو عەلی عەسکەری، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و جەلال شێخ ناجی، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری و وەستا رەسوڵ، لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی پێشمەرگە و هیوا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم و ئاسۆ شێخ تەها، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئامادەبون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×