جێگری سەرۆكی پارتی چاكسازیی توركمانی و سکرتێری پەرلەمانی کوردستان خەخت دەکاتەوە کە هەرگیز نابێت سازش لەسەر مافەدەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت.
ئاوێنه: ئەمڕۆ هەینی 09ـی 06ـی 2023 مونا قەهوەچی جێگری سەرۆكی پارتی چاكسازیی توركمانی و سکرتێری پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە یەکڕیزی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: پاراستنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان ئەرکێکی نیشتیمانپەروەری هەموو تاکێکی دڵسۆزی کوردستانە، ناکۆکیەکان چەند گەورەبن نابێت بهێڵین کاریگەریان لەسەر پێگەی هەرێمی کوردستان هەبێت.
ڕاشیگەیاند: گرنگە سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هاوکار و هەماهەنگ و یەکڕیزبن بۆ ڕێگریکردن لەهەر هەوڵێک بۆ لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لەناو پرۆژە یاسای بودجەدا.
سکرتێری پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەش داوە کە "هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهید و ئەنفال و قوربانیدان و بەرخودانی گەلی کوردستانە و هەرگیز نابێت سازش لەسەر مافەدەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت."