ئەو پەنابەرە سیاسییەی باكوری كوردستان كە دوێنێ لە سلێمانی تەقەی لێكرا، ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا
  2023-06-10       1004       

حسێن ئارسان، ئەندامی ڕێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیاو پەنابەری سیاسی خەڵكی باكوری كوردستان، دوای ئەوەی سەرلەبەیانی دوێنێ هەینی لە شاری سلێمانی تەقەی لێکراو و سێ فیشەکی بەرکەوت، پاش مانەوەی نزیکەی 17 سەعات لە نەخۆشخانە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە گیانی لەدەستدا.

ئاوێنە: دوێنێ نزیک سەعات 10:30 خولەکی سەرلەبەیانی، هێرشێکی چەکداریی لەبەردەم دەرگای نوسینگەی ڕێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا، لە شاری سلێمانی ئەنجامدرا و هەوڵی تیرۆرکردنی ئەندامێکی ڕێکخراوەکە درا.

ئەو ئەندامەی میزۆپۆتامیا کە تەقەی لێکرا، پەنابەری سیاسیی باکوری کوردستان بو، ساڵانێکە لە شاری سلێمانی دەژی، ناوی تەواوی حسێن ئاراسان’ە و لە ساڵی 1978 لە ئیزمیر لە دایک بوە و خەڵکی شاری ماردین بوە .

بەپێی میدیای رەسمی پەكەكە، حسێن ئارسان پاش 17 سەعات مانەوەی لە نەخۆشخانە و لەژێر چاودێریی  پزیشکیدا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە گیانی لەدەستدا و شەهیدبو.

ئاسایش و دەزگا ئەمنییەکانی شاری سلێمانی تا ئێستا هیچ زانیارییەکیان لەبارەی دەستگیرکردنی بکوژەکەیەوە نەدرکاندوە.

میدیای پەكەكە دەڵێت"ئەمە یەکەم هەوڵی تیرۆری سیاسیی نییە لە سلێمانی، بەڵکو لەماوەى چەند ساڵى ڕابردودا ئەمە شەشەم هەوڵی تیرۆر کردنە."

بەپێی میدیای پەكەكە "پێشتریش لە سلێمانی ژنە ئەكادیمی ناگیهان ئاکارسەل، فەرهاد باریش کۆندو، یاسین بوڵوت، زەکی چەلەبی، لە گەرمیان مامۆستا شەماڵ و لە دهۆکیش حسێن تورەلی لە ئەنجامی هێرشی چەکداری میتی تورک شەهیدبون و تائێستا ئەو دەزگایەی خۆی وەک 'ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان' دەناسێنێت هیچ بکوژێکی نەگرتوە، یان ئەگەر لەلایەن ئاسایشی سلێمانیشەوە گیرابن، ئاشکرا نەکراون."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×