ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانی‌ عێراق مادده‌ی‌ 14 په‌سه‌ند ده‌كات كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌؟
  2023-06-10       564       

بڕیاره‌ ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە كۆبونه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق بۆ په‌سه‌ندكردنی‌ مادده‌كانی‌ پرۆژه‌یاسای‌ بودجه‌ ده‌ستپێبكاته‌وه‌و یه‌كێك له‌و ماددانه‌ی‌ كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌هه‌رێمی‌ كوردستان‌و زۆرترین ناكۆكی‌ له‌سه‌ره‌ مادده‌ی‌ 14ی‌ پرۆژه‌یاساكه‌یه‌. په‌رله‌مانتارێكی‌ كوردیش ده‌ڵێت، دەبێ گفتوگۆ لەماددەی 14وە دەستپێبکاتەوەو دواتر مادەی 15 و مادەکانی دیکە کە دواخراون؛ "قبوڵ ناکەین هەموو مادەکان پەسه‌ند بکرێن‌و دواتر دەنگ لەسەر مادەی 14 بدەن".

ئاوێنه‌: لەدانیشتنی شەوی رابردوی پەرلەمانی عێراقدا، ماددەی 2ی پرۆژه‌یاسای‌ بودجه‌ دوای هەمواركردن پەسەندكراو هەروەها دەنگ لەسەر ماددەكانی 9، 10، 11، 12، 13ی بودجە درا، كە لەماددەی 12دا پشكی هەرێمی كوردستان بەلەسەدا 12.67 دیاریكراوە.

پەرلەمانی عێراق بەهۆی بونی ناكۆكی، دەنگدانی لەسەر ماددەكانی 14، 15، 16 و 17ی پڕۆژە یاساكە دواخست‌و دەنگیشی لەسەر ماددەكانی 18، 19، 20، 21، 22، 23 و 24ی بودجەدا. دواتر دانیشتنەكەی پەرلەمان بۆ كاتژمێر 5ی ئێوارەی ئەمڕۆ هەڵگیرا.

شیروان دوبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەفراکسیۆنی پارتی به‌میدیای‌ حزبه‌كه‌ی‌ ڕاگه‌یاندووه‌، "بەگوێرەی بڕیاری فەرمی، ئێوارەی ئەمڕۆ کۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ بەردەوامیدان بەدەنگدان بەبڕگەو مادەکانی پڕۆژەیاسای بودجە دەستپێدەکاتەوە".
 
ناوبراو دەڵێت، "ئەمڕۆ دەبێ گفتوگۆ لەماددەی 14وە دەستپێبکاتەوەو دواتر مادەی 15 و مادەکانی دیکە کە دواخراون؛ قبوڵ ناکەین هەموو مادەکان پەسه‌ند بکرێن‌و دواتر دەنگ لەسەر مادەی 14 بدەن، چونکە ئەوانی دیکە پەسەند بکرێن ئەو مادەیەش گوشاری دەخرێتەسەرو بێ رێککەوتن پەسه‌ند دەکرێت".

مادەی 14ی‌ پرۆژه‌یاسای‌ بودجه‌ی‌ عێراق کە بەهۆی ناکۆکییەوە لەسەری له‌كۆبونه‌وه‌ی‌ شه‌وی‌ ڕابردوی‌ په‌رله‌مان په‌سه‌ندنه‌كراو بۆ ئه‌مڕۆ دواخرا، تایبەتە بەداهاتی نەوت، هەژماری بانکیی، دەسەڵاتی خەرجکردن، کێڵگەکانی نەوتی کەرکوک‌و نەینەواو پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەرانی‌ هه‌رێم. هەروەها لەبڕگەیەکی دیکەی مادەکەدا باس لەبەڕێوەبردنی دەروازەکان‌و مامەڵەی حکومەتی عێراق لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەکات.

له‌باره‌ی‌ مادده‌ی‌ 14و ناكۆكییه‌كان له‌سه‌ری‌، سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەفراکسیۆنی کۆمەڵی‌ دادگه‌ریی‌ ڕونیده‌كاته‌وه‌ كه‌ بەپێی دەقی بنەڕەتی پرۆژه‌كه‌ کە لەحکومەتەوە ڕەوانەی لیژنەی دارایی پەرلەمان کراوە، یەکێک لەبڕگەکانی ماددەی 14 ده‌ڵێت، کاتێک گرفت‌و خیلاف لەنێوان ھەرێم‌و بەغدا دروستدەبێت لەسەر ماف‌و پابەندییەکانی ھەردولا، لەماوەی ٣٠ ڕۆژدا لیژنەیەک لەھەردولا پێکدەھێنرێت، لیژنەکە ڕاپۆرتێک بۆ سەرۆک وەزیران بەرزدەکاتەوەو ئەو بڕیار لەچارەسەرکردنی گرفت و خیلافەکە دەدات. 

به‌وته‌ی‌ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئەوەش شتێکی باشە، بەڵام ئەگەر ئەوە بچەسپێندرێت کە لایەنە شیعەکان داوای دەکەن، ئەوا مەترسیدارە بۆ بودجەی ھەرێمی کوردستان، ئەوان دەڵێن، نابێت سەرۆک وەزیران ئەو پرسە یەکلایی بکاتەوە، بەڵکو ئەگەر ھەر کێشەیەک لەنێوان حکومەتی ھەرێم‌و حکومەتی عێراق دروستببێت، ئەگەر دوای ٣٠ ڕۆژ چارەسەر نەکرێت، دەبێت بودجەی ھەرێم ببڕدرێت‌و کار بەبڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بکرێت، بڕیاری دادگای فیدراڵیش ئەوەیە کە نابێ پارە بۆ ھەرێم بنێردرێت بەبێ بەڵگەنامەی یاسایی.

به‌بۆچونی‌ سۆران عومه‌ر، بۆیە ئەگەر داواکارییەکەی ئەوان لەماددەی 14دا پەسەندبکرێت زۆر مەترسیدارە، لەھەر کاتێکدا بیانەوێ بودجەی ھەرێم‌و موچەی خەڵکی کوردستان دەبڕن.

یه‌كێكی‌ تر له‌و ماددانه‌ی‌ تایبه‌ته‌ به‌هه‌رێمی‌ كوردستان شەوی رابردو په‌سه‌ندكرا، مادده‌ی‌ 13ی‌ پرۆژه‌ یاساكه‌یه‌، كه‌   بەمشێوەیەی خوارەوە پەسەندکرا:
 
- یەکەم: شایستە داراییەکانی نێوان حکومەتی عێراق‌و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەساڵانی 2004 تا 2022 یەکلایی دەکرێنەوە، دوای وردبینیکردنی لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بەهه‌ماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی هەرێمی کوردستان، بەپشتبەستن بەو ماف‌و پابەندبوونانەی لەیاساکانی بودجەی فیدراڵیی هەمو ساڵێک هاتووە.

دووەم: 
-‌‌أ- حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهه‌ماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق پابەند دەبێت بەبارکردنی نەوتی خاوی بەرهەمهاتو لەکێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ کۆگەکانی سۆمۆ لەبەندەری جەیهانی تورکی، لانیکەم کەمتر نەبێت لە 400 هەزار بەرمیل. کۆمپانیای سۆمۆ ئەو بڕە بەهه‌ماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان‌و بەهەمان میکانیزمەکانی کۆمپانیاکە دەنێرێتە بەندەری جەیهان.
 
-ب- ئەگەر هەناردەی نەوتی کوردستان لەرێگەی بەندەری جەیهان یان هەر بەندەرێکی دیکەی فەرمی کە وەزارەتی نەوت دیاری دەکات، نەکرێت، ئەو کاتە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو بڕە نەوتە دەدات بەوەزارەتی نەوتی عێراق بۆ بەکارهێنانی نێوخۆ بەپێی ئەو پێویستییەی وەزارەتی نەوت دیاری دەکات.
 
ج- وەزارەتی دارایی عێراق تێچوی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوتی بەرهەمهاتو لەهەرێمی کوردستان دەدات کە لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە وەردەگیرێت، بەو پێیەی تێچوی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوە یەکسان بێت لەگەڵ تێکڕای تێچوی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوت لەوەزارەتی نەوتی عێراق.
 
د- حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەنددەبێت بەرادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان بەگەنجینەی دەوڵەت بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی.
 
ه- وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەدات، دەبێت وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانیش مانگانە ژمێرەی کۆتایی بدات بەفەرمانگەی ژمێریاری بۆ ئەوەی بخرێتە نێو ژمێرەی کۆتایی دەوڵەت، یەکلاییکردنەوەی ماف‌و پابەندبونە نانەوتی‌و نەوتییەکانی هەردولا دەکرێت دوای وردبینیکردنی لەلایەن دیوانی چاودێری عێراق بەهه‌ماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی وەرزی دەبێت.
 
و- قەرزەکانی سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان کە قەرزی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی‌و بانکە حکومی‌و تایبەتەکانە، مانگانە بەقیست لەپشکی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت‌و دانەوەی ئەو قەرزانە لەساڵی 2023وەو دەستپێدەکات لەماوەی حەوت ساڵ دەدرێنەوە.

 

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×