فوئاد حسێن: رێككەوتن لەسەر بڕگەی 7ی ماددەی 14ی پرۆژەیاسای بودجە كرا
  2023-06-10       765       
فوئاد حسێن

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عیراق‌و سه‌رۆكی‌ وه‌فدی‌ پارتی‌ بۆ دانوستانه‌كان له‌سه‌ر بودجه‌ رایگەیاند، بڕگەی 7ی ماددەی 14 له‌پرۆژه‌ یاسای‌ بودجه‌ رێككەوتنی لەسەر كراوە.

ئاوێنه‌: كه‌مێك له‌مه‌وبه‌رو دوای‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی‌ ناو چوارچێوه‌ی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ شیعه‌كان، فوئاد حسێن له‌لێدوانێكی‌ ڕۆژنامه‌وانیدا رایگەیاند، بڕگەی 7ی ماددەی 14 له‌پرۆژه‌ یاسای‌ بودجه‌ رێككەوتنی لەسەر كراوە.

مادەی 14ی‌ پرۆژه‌یاسای‌ بودجه‌ی‌ عێراق کە بەهۆی ناکۆکییەوە لەسەری له‌كۆبونه‌وه‌ی‌ شه‌وی‌ ڕابردوی‌ په‌رله‌مان په‌سه‌ندنه‌كراو بۆ ئه‌مڕۆ دواخرا، تایبەتە بەداهاتی نەوت، هەژماری بانکیی، دەسەڵاتی خەرجکردن، کێڵگەکانی نەوتی کەرکوک‌و نەینەواو پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەرانی‌ هه‌رێم. هەروەها لەبڕگەیەکی دیکەی مادەکەدا باس لەبەڕێوەبردنی دەروازەکان‌و مامەڵەی حکومەتی عێراق لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەکات.

له‌بڕگەی 7ی ماددەی 14ی پرۆژەیاسای بودجەدا كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ عێراقه‌وه‌ داڕێژراوه‌ هاتووه‌، "لەكاتی بوونی هەر ناكۆكییەك لەنێوان حكومەتی فیدراڵی‌و حكومەتی هەرێم لەپەیوەندیدار بەماف‌و پابەندی‌و میكانیزمەكانی هاتوو لەحوكمەكانی ئەم یاسایەدا، لیژنەیەكی هاوبەش لیژنەیەكی هاوبەش لەنێوان هەردوولا دروستدەكرێت بۆ تەماشاكردنی كێشەكان‌و لیژنەكە لەماوەی 30 رۆژدا لەدوای دروستكردنی، پیشنیازی خۆی بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بەرزدەكاتەوە بۆ ئەوەی بڕیاری گونجاوی لەبارەوە بدات."

به‌ڵام هه‌مان بڕگه‌ له‌لایه‌ن لیژنەی دارایی پەرلەمانه‌وه‌ ده‌ستكاریكراو به‌مشێوه‌یه‌ گۆڕانكاریی تێدا كرا، "ئەگەر كێشە دروستبو له‌نێوان هه‌رێم‌و ناوه‌ند، ئه‌وا حكومەتی فیدراڵ لەماوەی 30 رۆژدا ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم رادەگرێت."


 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×