ئاسۆ فه‌ره‌یدون وه‌ڵامی‌ وه‌زیری‌ دارایی هه‌رێم ده‌داته‌وه‌
  2023-06-11       1405       


ئاسۆ فه‌ره‌یدون، ئەندامی فڕاکسیۆنی یەکێتی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وه‌ڵامی‌ ئاوات شێخ جه‌ناب، وه‌زیری‌ دارایی هه‌رێم ده‌داته‌وه‌و ده‌ڵێت، "بەڵی جەنابی وەزیری دارایی، گەندەڵی لەناو حکومەتی ئیتیحادی هەیە، بەڵام بەهۆی ئەو گەندەڵیەوە، بەفرۆشتنی نەوت‌و غاز، حکومەتی عێراق خاوەنی زیاتر لە ١٠٠ ملیار دۆلاری پاشەکەوت کراوەو خاوەنی زیاتر لە ٣٠ تۆن زێرە، بەڵام ئێمە لەهەرێمی کوردستان خاوەنی قەرزێکین کە زیاترە لە ٣٠ ملیار دۆلار!".

ئاوێنه‌: شه‌وی‌ ڕابردو وه‌زیری دارایی‌و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌پرۆژه‌یاسای‌ بودجه‌ی‌ عێراق بڵاوكرده‌وه‌و له‌به‌شێكیدا هاتبو، "خۆزگە بۆیەکجاریش پەرلەمانتارانی کوردم لەبەغدا ئەبینی تەنها ڕویان لەهەرێم نەبوایەو ئاوڕێکیان لەعێراقش بدایەتەوە ئاخۆ گەندەڵی لێیە؟."

له‌به‌رامبه‌ردا ئاسۆ فه‌ره‌یدون به‌مشێوه‌یه‌ وه‌ڵامی‌ وه‌زیری‌ دارایی داوه‌ته‌وه‌:


بەرێز وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم پرسیارت کردبو کە ئایا گەندەڵی لەناو حکومەتی ئیتیحادی هەیە یان نا؟!

- بەڵی جەنابی وەزیری دارایی،  گەندەڵی لەناو حکومەتی ئیتیحادی هەیە، بەڵام بەهۆی ئەو گەندەڵیەوە، بەفرۆشتنی نەوت و غاز، حکومەتی عێراق خاوەنی زیاتر لە ١٠٠ ملیار دۆلاری پاشەکەوت کراوەو خاوەنی زیاتر لە ٣٠ تۆن زێرە، بەڵام ئێمە لەهەرێمی کوردستان خاوەنی قەرزێکین کە زیاترە لە ٣٠ ملیار دۆلار!

- بەڵی جەنابی وەزیری دارایی گەندەڵی هەیە، لەبەغدا چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردن لەسات و وادەی خۆیدا ئەنجام ئەدرێت، بەڵام لای ئێمە لە هەرێمی کوردستان بەچەند ساڵ جارێک، تەنانەت  ناتوانین لەسەر شێوازی هەڵبژاردنەکان رێکەوتنێکیش بکەین.

- بەڵێ جەنابی وەزیری دارایی، گەندەڵی لەبەغداش هەیە، بەڵام جەنابتان بۆ پێدانی پاشەکەوتی مووچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان داوای تەمویل لەحکومەتی ئیتیحادی دەکەن.

- بەڵێ جەنابی وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گەندەڵی هەیە، بەڵام لای حکومەتی ئیتیحادی موازەنەیەک هەیە کە بۆ ماوەی سێ ساڵ بڕیاری لەسەر دراوە، بەڵام لەهەرێمی کوردستان لەساڵی ٢٠١٣ نەبریار لەسەر موازەنە ئەدرێت نەموازەنەیەک تەشریع ئەکرێت، نەموازەنەش دەنێرێتە ناو هۆڵی پەرلەمانی کوردستانەوە!
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×