سەرۆکی ئەمریکا پیرۆزبایی جەژنی قوربان لە موسڵمانان دەکات
  2023-06-28       511       


بایدن، بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە پەیامێکی درێژی جەژنە پیرۆزەی بۆ موسڵمانانی ئەمریکا و جیهان بڵاوکردەوە.

ئاوێنه‌: بایدن لەگەڵ جیڵ بایدنی هاوسەری جوانترین هیوای خۆیان ئاراستەی ئەوانە کرد کە جەژنی قوربان دەکەنەوە و رایگەیاند لەم جەژنەدا راستگۆیی پێغەمبەر ئیبراهیم و خێزانەکەی لەگەڵ خودادا یاد دەکرێتەوە و خۆنەویستی و خێرخوازی وەبیردەهێندرێتەوە.

سەرۆکی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمساڵ بۆ یەکەم جار لە کۆشکی سپی بە میواندارێتی جێگری سەرۆک کاماڵا هاریس و هاوسەرەکەی لەگەڵ سەرۆکی کۆمەڵە موسڵمانەکان کۆدەبنەوە و جەژنی قوربان پیرۆز دەکەن و رایگەیاند شانازی بە میواندارێتی ملیۆنان موسڵمان دەکەن کە پێکهاتەی کلتووریی ئەمریکا دەوڵەمەند دەکەن و بەشدارن لە کۆمەڵگا.

بایدن، ئاماژەی بەو سوودانە کرد کە موسڵمانانی ئەمریکا لە بوارە جیاوازەکاندا پێشکەشی وڵاتەکەیان کردووە و گوتی: “بوونی ئەوان، پابەندبوونمان بە فرەیی، لە خۆگرتن و ئازادیی ئایین بەهێزتر دەکات”.

جۆ بایدن، باسی لەوەش کرد کە لەم جەژنەدا ژمارەیەکی زۆر موسڵمان لە هەموو جیهانەوە لە سعوودیە فەریزە حەج بەجێدەگەێنن و سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە موسڵمانانەکان لە ناوچە جیاجیاکانی جیهانەوە بۆ حەجکردن کۆبوونەتەوە و ئیحرامی رەنگی سپییان پۆشیەوە و بە شێوەیەک یەکسانن.

هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بڵینکن لە پەیامێکیدا لە هەژماری خۆی لە تویتەر پیرۆزبایی جەژنی قوربانی لە جیهانی موسڵمانان کرد و هیوای باشی بۆ ئەو موسڵمانانە خواست کە فەریزەی حەج ئەدادەکەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×