عێراقییەك لە سوید کۆپییەکی قورئان دەسوتێنێت
  2023-06-28       1016       

لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان كەسێك كە دەوترێت بەڕەچەڵەك عێراقییە لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵم لە سوێد، کۆپییەکی قورئانی سوتاند.

ئاوێنە: سەلوان مۆمیکا، كە دەوترێت بەڕەچەڵەك عێراقییە، بەر لە سوتاندنی كۆپی قورئانەكە، وتبوی "دوای دو سەعات خۆپێشاندانەکەم لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵم دەستپێدەکەم، لەبەردەم ئەو مزگەوتە قورئان دەسوتێنم. دوێنێ مۆڵەتی ئەمنییم بۆ ئەو کارە دەستپێکرد و ئەمڕۆ رێوشوێنی ئەمنیی توند گیراوەتەبەر، هێزە تایبەتەکانی سوید خراونەتە ئامادەباشییەوە."

پۆلیسی سوید پێشتر رەزامەندی نەدابو لەسەر ئەنجامدانی ئەو كارە، بەڵام لە كۆتاییدا دادگا وەك بەشێك لە "پارێزگاریكردن لە ئازادی رادەربڕین" رێگەی بە كارەكە دا.

دادگایەكی سوید وتویەتی، تێبینییە ئەمنییەكان نابێت ببنە هۆكاری سنورداركردنی ئەو ئازادییانەی كە لە دەستوردا هاتون.

هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا، هەر ئەمڕۆ كاردانەوەی دژی سوتاندنی كۆپی قورئانەكە نیشانداو ئیدانەی كرد. ئەو لە تویتێكدا وتی" رێگەدان بەم کردەوە دژ بە ئیسلامە، بە پاساوی ئازادی رادەربڕین قبوڵکراو نییە. چاوپۆشین لەو جۆرە کردەوە ناپەسەندانە هاوبەشبونە لە تاوانەکە."

بەپێی كەناڵی بی بی سی، نزیكەی 200 كەس بۆ سەیركردن كە لەنێویاندا بەشێكیان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دژبە سوتاندنی قورئان هاتبون، لەكاتی سوتاندنی قورئانەكەدا لەلایەن ئەو كەسە عێراقییەوە، كۆببونەتەوەو پیاوێكیش كە لەكاتی سوتاندنی قورئانەكەدا بەردی هاویشتوە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركراوە.

هاوكات لە كاردانەوەدا بەرامبەر بەو كارە، د. عەلی قەرەداغی، ئەمینداری گشتیی یەكێتیی جیهانی زانایانی مسوڵمان لە راگەیانراوێكدا، وتی، "ئەمە ڕەگەزپەرستییە نەك ئازادی، دڕندەیی تاكەكەسی كە لەلایەن دەسەڵاتە فەرمییەكانەوە پشتگیری دەكرێت نابێت بێدەنگی لێبكرێت".

ئەمینداری گشتیی یەكێتیی جیهانی زانایانی مسوڵمان ئاماژەی بەوەشكرد، ئەم بابەتە لەلایەن كەسێكی "توندڕەو"ەوە بە ناوی "سەلوان مۆمیكا" كە تەمەنی 37 ساڵەو بەرەچەڵەك عێراقییە پلانی بۆ دانراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×