سەلوان مۆمیکا: لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە سوید قورئان و ئاڵای عێراق دەسوتێنم
  2023-06-30       890       

سەلوان مۆمیکا، ئەو پەنابەرە عێراقییەی لە سوێد قورئانی سوتاند دەڵێت، هەفتەی داهاتو سکاڵا لەسەر چەند كەسایەتییەكی عێراقی تۆماردەکات لەنێویاندا موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر و عەلی سیستانی، رێبەری باڵای شیعەکان. دەشڵێت، "دوای 10 رۆژی دیکە لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق قورئان و ئاڵای عێراق دەسوتێنم."

ئاوێنە: سەلوان مۆمیکا، ئەو پەنابەرە 37 ساڵانەی رۆژی چوارشەممە، 28ـی ئەم مانگە و لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان قورئانی سوتاند، درەنگانی شەوی رابردو لە لایڤێکدا لە هەژماری خۆی لە فەیسبوک هێرشی توندی کردە سەر هەریەکە لە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و حەنان فەتلاوی، پەرلەمانتاری عێراق و بە "نەخوێندەوار" ناوی بردن و وتی، "هەفتەی داهاتو سکاڵا لەسەر موقتەدا سەدر و فایەق زێدان تۆمار دەکەم، چونکە موقتەدا سەدر هانی کوشتنی داوم، هەروەها دژی فایەق زێدان و حەنان فەتلاویش سکاڵا دەکەم، دژی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا، بۆ ئەوەی هەرکاتێک ئەوانە هاتنە سوێد یەکسەر دەستگیربکرێن."

ئەو پەنابەرە عێراقییە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لە لایڤەکەیدا لە فەیسبوک وتیشی، "هەفتەی داهاتو داوایەک پێشکەش دەکەم بۆ ئەوەی قورئان و ئاڵای عێراق لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق بسوتێنم."

لەبارەی هەڕەشەکانی کوشتنیشی وتی، "بە هەزار ساڵی دیکە ناگەن بەمن، هەڕەشەکانتان سەگەکەشم ناترسێنێت، فایەق زێدان تۆ یاسای نێودەوڵەتیت نەخوێندوەتەوە؟ هەمو بەرپرسانی عێراقی وەکو فایەق زێدانن و وا دەزانێت بە بەرپرسی ئاسایشی موسڵ دەڵێت: سەلوانم بۆ بهێنن، ئەوە چۆن دەبێت؟ شتێک هەیە ناوی یاسای نێودەوڵەتییە خۆ ئەوە عێراق نییە من رادەست بکاتەوە."

لەبارەی هێرشەکەی ئەمڕۆی خۆپێشاندەران بۆسەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا، سەلوان وتی، "عێراق یاسای تێدانییەو حکومەتی ئێستای عێراق حکومەتێکە لەلایەن میلیشیاکانەوە پێکهێنراوە و چییان بوێ دەیکەن و دەشکێنن و تێکدەدەن و وێرانی دەکەن، باوەڕبکەن سودان زۆر لە عێراق باشترە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×