لەپێنجهمین ڕۆژی ئەو ناڕەزایەتییانەی دوای کوژرانی گەنجێک لەلایەن پۆلیسەوە لەفەڕەنسا دەستیپێکردووە، زیاتر لەهەزارو ٣٠٠ کەس دهستگیركراون. سەرۆك کۆماری فەرەنساش بەهۆی ئاڵۆزییهكانهوه ئەو سەردانەی دواخست کە بڕیاربو لەرۆژانی 2-4ی تەمموز بۆ ئەڵمانیا ئەنجامیبدات.
ئاوێنه: دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو شۆفێرێکی گەنج لەئەنجامی دەستڕێژی گوللەی پۆلیس گیانیلەدەستدا، چهند ڕۆژێكه خۆپیشاندانو ئاڵۆزییهكان لهفهرهنسا دهستیپێكردووه.
میدیای فەڕەنسا بەپشتبەستن بەو زانیارییانەی وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتەوە بڵاوی کردوونەتەوە، رایگەیاند لەروداوەکانی دوێنێ شەودا زیاتر لەهەزارو ٣٠٠ کەس دەستگیركراونو ٧٩ پۆلیسیش بریندار بون.
لەشارە جیاجیاکان بەگشتی ئاگر لەهەزارو ٣٥٠ ئۆتۆمبێل بەردراوهو زیان بە ٢٣٤ باڵەخانە گەیەندراوه. لانیکەم هێرشكراوهتە سەر زیاتر له ٤١ بنکەی پۆلیس.
لهلایهكی دیكهوه ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆك کۆماری فەرەنسا ئەو سەردانەی دواخست کە بڕیار بوو لە رۆژانی 2-4ی تەمموز بۆ ئەڵمانیا ئەنجامیبدات.
لەو روونکردنەوەی کە لەلایەن کۆشکی ئەلیزە'وە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە، ماکرۆن و سەرۆكکۆماری ئەڵمانیا، فرانک ڤالتەر شتاینمایەر پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە.
ئاماژە بەوەشکراوە کە ماکرۆن بەهۆی بارودۆخی ناوخۆی ئەو وڵاتە، دەیەوێت لە چەند رۆژی داهاتوودا لە فەرەنسا بمێنێتەوە، هەروەها هەردوو سەرکردە هاوڕابوون لەسەر دواخستنی سەردانەکەی ماکرۆن بۆ ئەڵمانیا.
دوای کوژرانی شۆفێرێکی گەنج بە ناوی نایل لە ئەنجامی دەستڕێژی گولـلهی پۆلیس لە رۆژی 27ی حوزەیران لە شاری نانتێرێ، شەوانە لەو وڵاتەکەدا خۆپیشاندان بەڕێوەدەچێت.