ئەندامێکى کۆمەڵەى گەردونناسى تێکساس هاوڵاتیان له‌بینینى دیمه‌نێكى سه‌رنجڕاكێشى مانگ ئاگادارده‌كاته‌وه‌
  2023-07-03       629       

ئەندامێکى کۆمەڵەى گەردونناسى تێکساس هاوڵاتیان له‌بینینى دیمه‌نێكى سه‌رنجڕاكێشى مانگ ئاگادارده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت، "ئەمشەو مانگ بەبڕى 30% گەورەتر دەردەکەوێت‌و پرشنگ‌و ڕوناکییەکەیشى دوو هێندەى ڕوناکى مانگى چواردە دەبێت، ئەمە کۆتا مانگى تابان نییە ئەمساڵ لەهەرێم ببینرێت‌و سێ جارى دیکە ئەم حاڵەتە ڕودەداتەوە".

ئاوێنە: لوقمان حەوێز ئەندامى کۆمەڵەى گەردونناسى تێکساس له‌فەیسبوکى نوسیویەتى، "ئەمشەو دیمەنى بینینى مانگ لەدەست خۆتان مەدەن‌و دیمەن‌و پرشنگی مانگ ئەمشەو جوانیەک‌و هەیبەتێکی تایبەتی هەیە".

ئەندامه‌كه‌ى کۆمەڵەى گەردونناسى تێکساس ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه‌، "مانگی تابان ئەو کاتەیە کە مانگ لەنزیکترین خاڵ‌و شوێندایە لەگەڵ هەسارەی زەوی‌و لەهەمانکاتیشدا پڕەو چواردەیە بۆ دیدی ئێمە لەسەر هەسارەی زەوی، لەڕاستیدا مانگ لەهەموو سوڕێکیدا جارێک دەکەوێتە نزیکترین خاڵ لەگەڵ زەوی، بەڵام ئەگەر لەکاتی نزیکبونەوەکە مانگ چواردەو پڕبوو بۆ دیدی ئێمە ئەوا دەبێته مانگی تابان واتە super.mon، ئەمشەو ئەوە ڕودەدات‌و لەکوردستان دەبینرێت".

جه‌ختیكردۆته‌وه‌، "لەبەرئەوە ئەمشەو دوای هەڵاتنی مانگ لەکوردستان‌و گەلێک شوێنی تری جیهان ڕوبەری مانگ بەڕێژەی 30% گەورەتر دەردەکەوێت، بۆیە بۆ دیدی ئێمە ئەمشەو مانگ جیاوازەو بەشێوەیەکی بەرچاو گەورەتر دەردەکەوێت، پرشنگ‌و ڕوناکیەکەشی دوو هێندەی ڕوناکی مانگی چواردە دەبێت لەدۆخێکی ئاساییدا".

لوقمان حه‌وێز ئه‌وه‌شى نوسیوه‌، "دەبێت بزانین خولگەی مانگ بەدەوری هەسارەی زەوی هێلکەییەو بازنەیی نییە، تێکڕای دوری مانگ لەزەوی 384 هه‌زار کیلۆمەترە، لەنزیکترین خاڵدا دوریەکەی لەگەڵ زەوی دەبێتە 362 هه‌زارو 600 کیلۆمەتر، کاتێکیش لەخولگەکەی لەدورترین خاڵدایە لەزەوی دوریەکەی دەبێتە 405 هه‌زارو 400 کیلۆمەتر، ئەمشەو مانگ دەگاتە نزیکترین خاڵ لەخولگەکەی بەدەوری هەسارەی زەوی، بۆیە ئەمشەو ئەم دیاردەیە ڕودەدات".

باسى له‌وه‌شكردوه‌، "مانگی چواردە لەکاتە ئاساییەکان بڕێک ڕوناکی دەدات کە دەگاتە نزیکەی 0.16 لوکس، لوکس Lux یەکەی پێوانەی ڕوناکیە، لەکاتی نزیکبونەوەی مانگ بۆ کەمترین دوری لەزەوی بڕی ڕوناکییەکەی یان پڕشنگی دەگاتە 0.3 لوکس، واتە پرشنگ‌و ڕوناکی مانگی تابانی ئەمشەو دوو هێندەی پڕشنگی مانگی چواردە دەبێت له‌دۆخێکی ئاساییدا، بۆ بەراوردیش لەڕۆژدا خۆر پرشنگ‌و ڕوناکی لەنێوان 32 هەزار بۆ 100 هەزار لوکسە.

ئه‌وه‌شى وتوه‌، "بۆ زانیاری زیاتریش ئەمساڵ 2023 سێ جاری تر لەسێ شەوی تردا دیاردەی مانگی تابان لەکوردستان دەبینرێتەوە، جگە لەئەمشەو مانگە تابانەکانی تری ئەمساڵ لەشەوی 1ى 8ى 2023و شەوی 30ى 8ى 2023و شەوی 29ى 9ى 2023 دوبارە دەبێتەوەو ئیتر دوای‌ ئەوە تا ساڵی داهاتوو ڕوناداتەوە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×