نوێنەری مەهاباد: حکومەتی ئێران بە ئاشکرا درۆ دەکات
  2023-07-03       606       


نوێنەرێکی کورد لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند؛ حکومەتی ئێستای ئێران ئاماری ناڕاست بڵاو دەکاتەوە و وڵاتەکە چوەتە ریزبەندنی یەکەمی ئەو وڵاتانەی جیهان کە زۆرترین هەڵاوسانی ئابوریی بۆ نرخی خۆراک تۆمار دەکەن.

جەلال مەحمودزادە، نوێنەری مەهاباد لە پەرلەماننی ئێران رایگەیاند؛ حکومەتی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری وڵاتەکە بەهۆی ئەو سنوردارکردنانەی لەسەر ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا دایناوە نۆ ملیۆن پیشە و هەلی کاری نەهێشتوە و ئەوەش هەڵاوسانی ئابوریی وڵاتەکەی بەرز کردوەتەوە.

مەحمودزادە وتویەتی: رەئیسی و تیمە ئابورییەکەی و وەزیرەکانی سەرجەمیان ئاماری دور لە راستیی بڵاو دەکەنەوە و حکومەت بە ئاشکرا درۆ دەکات.

ئاماژەی بەوەش کردوە ئامارەکانی حکومەت لەگەڵ ئامارەکانی ناوەندی ئاماری ئێران نایەنەوە و ئەوەش ئاشکرای دەکات کە ئامارەکانی حکومەت سەبارەت بە وڵاتەکە و هەڵاوسانی ئابوریی و هەلی کار دورن لە راستییەوە.

لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هێڵەکانی ئینتەرنێت و مۆبایل بەهۆی فیلتەر و سنوردارکردنەوە روبەڕوی کێشە بونەتەوە و ژمارەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تۆڕەکانی پەیوەندیی وەک وەتس ئەپ و ئینیستاگرام و تویتەر بە بێ بەکارهێنانی (ڤی پی ئێن) کارا نابن ئەوەش زیانی بەو کەسانە گەیاندوە کە بە ئۆنلاین کاری کڕین و فرۆشتنی کاڵا و بەرهەمەکانیان کردوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×