بایدن و ئەردۆگان سێ پرسی گرنگ تاوتوێ دەکەن؛ یەکێکیان پەیوەندی بە کوردەوە هەیە
  2023-07-07       921       

بڕیارە ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی داهاتو رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە پەراوێزی کۆبونەوەی لوتکەی ڕێکخراوی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی ناتۆ لە ڤیلنیۆسی پایتەختی لیتوانیا لەگەڵ جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە و سێ پرسی گرنگ تاوتوێ دەکەن کە یەکێکیان پەیوەستە بە هاوکاریکردنی هێزە کوردییەکان لە رۆژئاڤای کوردستان.

ئاوێنە: بەرپرسێکی ئەمریکی ئاشکرای کرد، ئەگەری هەیە کۆبونەوەیەکی نێوان هەردو سەرۆکەکەدا ئەنجامبدرێت، هاوکات ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، پێدەچێت کۆبونەوەیەکی کورتی نێوان بایدن و ئەردۆگان لەچوارچێوەی کۆبونەوەی هاوپەیمانی ناتۆ ئەنجامبدرێت.

لەگەڵ پەرەسەندنی گوشارەکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر تورکیا سەبارەت بە ئەندامێتی سوید لە ناتۆ، ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکی تورکیا ڕۆژی هەینی دوپاتیکردەوە، وڵاتەکەی "باشترین بڕیار دەدات".

ئەردۆگان چەند کاتژمێرێک بەر لە پێشوازیکردنی ڤۆلۆدیمێر زلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە ئیستەنبوڵ وتی، "لە لوتکەدا کە لە ڤیلنیۆس بەڕێوەدەچێت، لەگەڵ هاوبەشەکانمان تاوتوێی چەند بابەتێک دەکەین و باشترین بڕیاریش دەدەین، هەرچییەک بێت".

سەرۆک کۆماری تورکیا کە لە مانگی ئایاری 2022وە بە تۆمەتبارکردنی سوید بە داڵدەدانی چەکدارانی کورد لەسەر خاکی ناتۆ، ڕێگری لە چونە ناو ناتۆ کرد، ئاماژەی بەوەدا کە پشتیوانی لە "سیاسەتی دەرگای کراوە" دەکات، بەڵام ناوبراو پرسیاری ئەوەی کردوە، "چۆن وڵاتێک خۆی لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دور نەخاتەوە، بەشدارییەکانی لە ناتۆدا هەبێت؟".

کۆمەڵێک فایلی گرنگ، کە پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان ئەنقەرە و واشنتن پێکدەهێنن، خۆیان بەسەر کۆبونەوەکانی نێوان هەردو سەرۆک و لە ڕاوێژکارییەکانی نێوان بەرپرسانی دو وڵاتدا دەسەپێنن، کە سێ دۆسیە لە گرنگترینن، لەوانە پاڵپشتی ئەمریکا بۆ یەکینەکانی پاراستنی کورد کە گەورەترین پێکهاتەی هاوپەیمانی هێزەکانی سوریای دیموکراتە لە سوریا، کە تورکیا بە درێژکراوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەزانێت و وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێنی دەکات.

رۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت بڵاویکردەوە، واشنتن دەستبەرداری پشتیوانییەکانی بۆ هێزە کوردییەکان نابێت، کە بە نزیکترین هاوپەیمانی دەزانێت لە شەڕی دژی ڕێکخراوی تیرۆریستی "داعش" و بەردەوامە لە پشتیوانیکردن و دابینکردنی چەک بۆ بەرگریکردن لە خۆی.

سەبارەت بە پرسی دوەمی هەڵپەسێردراو، پرسی شکستی ئیدارەی ئەمریکایە لە هەنگاونان سەبارەت بە رەوتی خزمەت کە لەلایەن فەتحوڵا گولەنەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و لە ساڵی 1999وە لە ویلایەتی پێنسیلڤانیای ئەمریکا دەژی و ئەنقەرە لە دوای هەوڵی کودەتا شکستخواردوەکەی 15ی ئازاری 2016وە داوای ڕادەستکردنەوەی دەکات.

ئیدارە یەک لە دوای یەکەکانی ئەمریکا، لە دوای ئیدارەی باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشوتری ئەمریکاوە، بانگەشەکانی تورکیایان لەوبارەوە ڕەتکردوەتەوە و جەختیان لەوە کردوەتەوە کە بابەتی پەیوەندیدارە بە دەسەڵاتی دادوەرییەوە، داواش دەکەن ئەنقەرە بەڵگە لەسەر تێوەگلانی بزوتنەوەی گولەن لە هەوڵی کودەتاکەدا بخاتەڕو.

سەبارەت بە دۆسیەی سێیەمیش، دەستکەوتنی تورکیایە بۆ فڕۆکە جەنگییەکانی "F-16"، کە لە تشرینی یەکەمی 2021ەوە داوای 40 لەو فڕۆکەی کردبو، جگە لە 80 کەرەستەی بۆ مۆدێرنیزەکردنی فڕۆکە جەنگییە کۆنەکانی لە هەمان جۆر، دوای ئەوەی واشنتن ڕەتیکردەوە F35ی رادەستبکات.

سەرەڕای پاڵپشتی بایدن بۆ بەدەستهێنانی F35 لەلایەن تورکیاوە، بەڵام لەم دواییانەدا پەیوەندی بە پەسەندکردنی داواکاری سویدەوە بۆ پەیوەندیکردن بە ناتۆوە گرێدا، ئەمە جگە لەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا هەمان هەڵوێستی گرتەبەر.

پێشبینی دەکرێت داواکاری سوید بۆ پەیوەستبون بە ناتۆ، دیارترین بابەتی دانوستانەکان بێت، هەروەها لایەنی ئەمریکی بە شێوەیەکی سەرەکی سەرنجی لەسەر ئەوە بێت، ئەوەش لەبەر ڕۆشنایی فشارە بەردەوامەکانی واشنتن بۆ سەر ئەنقەرە بۆ ئەوەی بە زوترین کات ئەو داواکارییە پەسەند بکات.

بایدن پشتگیرییەکی زۆری بۆ پەیوەستبونی سوید بۆ ناتۆ دەربڕی، لە دیدارەکەیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی سوید ئۆلاف کریستسۆن، لە کۆشکی سپی چوارشەممەی رابردو (5ی تەموزی 2023) وتی، کە "بەنیگەرانییەوە چاوەڕێی پەسەندکردنی داواکاری ئەندامێتی دەکات، کە من بە تەواوی پشتگیری دەکەم".

بایدن پێشتر فایلەکانی پەیوەستبونی سویدی گرێدابو بە دەستخستنی فڕۆکەی جەنگی ئێف 16 لەلایەن تورکیاوە لەکاتی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بۆ ئەردۆگان لە مانگی حوزەیرانی ڕابردودا بۆ پیرۆزبایی بردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری.

تورکیا ڕوبەڕوی فشاری ئەمریکا و زۆرێک لە هاوپەیمانەکانی ناتۆ بوەتەوە بۆ ئەوەی پێش یان لە کاتی لوتکەی ڤیلنیوس یان لە کاتی بەشداریکردنی سوید بۆ هاوپەیمانییەکە قبوڵ بکات، ئەوەش دوای ئەوەی فینلاندی دراوسێی لە 4ی (نیسان/4)وە پەیوەندی بە هاوپەیمانییەوە کرد.


ئەردۆگان بەتوندی دژایەتی داواکاری سوید دەکات بۆ پەیوەستبون بەو هاوپەیمانییە، وتیشی، تورکیا ڕازی نابێت بە پەیوەستبونی سوید بە ناتۆ، مەگەر خۆی لە داڵدەدانی "ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان" بپارێزێت و واز لە ڕێگەدان بە تیرۆریستان بهێنێت بۆ خۆپیشاندان لە گەورەترین گۆڕەپانەکانی ناوەڕاست لە شارەکانی.

هاوکات لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، ڕۆژی چوارشەممە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و هاوتا ئەمریکییەکەی ئەنتۆنی بلینکن، پرسی فراوانکردنی ناتۆیان تاوتوێ کرد.

بلینکن جەختی لەسەر گرنگی یەکێتی ناتۆ لە کاتێکی ئاوا کردەوە، هەروەها هانی تورکیایدا کە لە ئێستاوە پشتیوانی سوید بکات بۆ پەیوەستبون بەو هاوپەیمانییە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×