بەیانیی ئەمڕۆ شەممە چەند کەسێکی چەکدار لە شاری زاهیدان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستانی ئێران هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی پۆلیس. بەگوێرەی میدیای ئێران، پۆلیسێک کوژراوە.
ئاوێنە: بەپێی هەواڵی ئاژانسی تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسداران، چەند کەسێکی چەکدار هەوڵیان داوە بنکەی 16ی پۆلیسی کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام سەرکەوتوو نەبون، بەڵام بەپێی ماڵپەڕی "حال وەش"، بنكەكە كەوتۆتە دەست چەكدارەكان.
میدیاکانی ئێران دەڵێن، هێرشکارەکان لە رێگەی "خۆتەقاندنەوەوە هەوڵیان داوە بچنە نێو بنکەکە."
بەڕێوەبەرایەتیی دادوەریی ناوەندی سیستان و بەلوچستان بڵاویکردوەتەوە، لە شەڕی ئەم بەیانییەدا پۆلیسێک کوژراوە.
بەپێی ماڵپەڕی "حال وەش" كە روداوەكانی پارێزگای سیستان و بەلوچستان روماڵ دەكات، چەكدارەكان دەستیان بەسەر بنكەكەی پۆلیسدا گرتوەو تائێستاش شەڕ بەردەوامەو هەروەها دەنگۆی ئەوە هەیە چەكدارەكان چەند كارمەندێكی بنكەكەی پۆلیسیان دەستبەسەركردبێت.
هەر بەپێی ئەو ماڵپەڕە لە ئێستادا هێزێكی زۆری سوپای پاسداران لەنێو شاری زاهیدان بڵاوەی پێكراوە.