ڕەچەڵکناسی ئەنفال‌و حەڵاڵکردنی حەرام
  2023-09-15       1840       

رانانی: بەکر حەحمەد

 

ڕەچەڵکناسی ئەنفال

پێشەکییەک بۆ ئابووری سیاسی ئیسلام

بەشێک لە نامەی دوکتۆرای مەنسوور تەیفووری

چاپخانە: ماڵی سوهرەوەردی

 

لای فرۆید، تارماییەکی ددانپیانەنراو هەیە کە دەبێ دوورەدەست بهێڵرێتەوە. " یەهودییەت و ئیسلام هەردوو کردە دامەزرێنەرەکانی خۆیان دەچەپێنن/ بەڵام چۆن؟ وەک چیرۆکی ئیبراهیم و دوو کوڕەکەی کە لە دوو ژنی جیاوازن دەری دەخات.  لە هەردوو ئاینەکەدا ، باوک ناتوانێت ببێت بە باوک ، ناتوانێ کاری باوکانەی خۆی بەجێ بهێنێت مەگەر ئەوەی ژنێکی دیکە بێتە نێوان. " (1)

دوورخستنەوەی ئەم تارماییە و چەپاندنی لای  فرۆید لە یەهودییەتدا:" ئەوەیە کە ئیبراهیم میسرییە و جوو نییە. سیمای باوکانەی دامەزرێنەر، کە وەحی دەهێنێت و لەگەڵ خوادا پەیمان  دەبەستێ، دەبێ لە دەرەوە بێت." بەلام لە ئیسلامدا، چەپاندنەکە پەیوەندی بە ژنەوە هەیە. ئەمە ئەو گریمانەییە ک "سلاڤۆی ژیژک" سەبارەت بە چەپێنراوەکەی ناو ئیسلام تێزەکەی خۆی دادەرێژیت. بۆ ئەو،  "ئەم چەپێندراوەی ناو ئیسلام لە هاجەردایە، ئەو کۆیلە میسرییەی کە یەکەم کوڕی بۆ ئیبراهیم هێنا."  بەلام ژیژک لە گەڕانیدا بەشوێن دۆزینەوە و ئاشکراکردنی ئەم چەپێنراوای ناو ئیسلامدا، پشت بە چیرۆکی ژنێکی دیکەش دەبەستێت کە جیگایەکی گرنگی لە مێژووی ئیسلامدا هەیە کە ئەویش خەدیجەی هاوسەری پێغەمبەرە.

ئەم گەران و دەستپێکی سەفەرە،  بۆ ڕۆشنترکردنەوە و تەنانەت رەخنەگرتن لە گریمانەکەی "سلاڤۆی ژیژک"، دەبێتە چوارچیوە و ناوەڕۆکی نامەی دوکتۆرای بەرێز(مەنسوور تەیفوور)ی  کە بە زمانی فەرەنسی نووسراوەوە بە ناونیشانی: " ڕەچەڵەکناسی ئابووری سیاسی لە ئیسلامدا،  خەلافەت و ئاوارتەکەی" کە لەبەشی فەلسەفە و لۆژیکە هاوچەرخەکانی واتا پیشکەشکراوە. ئەوەی بە کوردی لەبەردەستدایە، کورتکراوەی دوو بەشی نامەکەی بەرێز مەنسوور تەیفوورییە بە زمانی کوردی کە لەلایەن ماڵی سوهرەوەردی بۆ لێکۆڵینەوە لە ئاین و ئەفسانە لە ساڵی 2022 چاپ و بلاوکراوەتەوە.

تەیفووری لە گەڕانیدا بە شوین تاڵەداوەکانی ئەم حەکایەتەدا کە لە سەرچاوە باوەرپێکراوەکانی ئایین خۆیەوە باسکراون، لەگەڵ ئەو جێگاو ڕۆلە گرنگەی کە خەدیجە لە ئیسلامدا دەبوایە شوێنی هەبوایە، لە گێرانەوەکانی سەربووردەنووساندا دەبینێ کە ژن شوینێکی دیکە داگیردەکات و لە کۆتایشدا ئەو، واتا ژن،  دەکریت بە غەنیمەت. بۆیە ئیدی پرسیار لەسەر ئەوە نییە کە بۆچی جیگای ژن هێندە دەهێنرێتە خوار، بەلکو چی وادەکات مرۆڤ ببێت بە موڵک و دارایی؟ بۆئەم مەبەستەش، هەستدەکرێت  پرسیار و وەلامەکان سەبارەت بەم جێگاو وڕیگایەی ژن لەوە دەکەوێت لە کایەی دەروونشیکاریدا بمێنێتەوە، بەلکو ڕووبەری ئابووری دەبێتە شانۆی گەران بەشوێن ئەم پرسیارەدا.  

ئا لێرەوەیە کە تەیفووری: چاوتیژانە و بە توانایەکی ئەکادیمی باڵاوە ، بە گەڕانێکی ووردی نێوان لێکۆڵینەوە تازەکانی بیرمەندان و فەیلەسوفانی کۆن و تازەوە دەکەوێتە شوێن پرسیاری:"لە دڵی کام کردەی دامەزرێنەر/ چەپێنراوەوە ژن دەکریت بە بەشێک لە غەنیمەت؟  شوێن و پێوەندی ئابووری و حاکم لەم ئاینە نوێەدا چییە؟ ". ئەمە ئەو گەرانە سیحرئامێزەیە کە خوێنەر لە دوو تویی ئەم کتیبە 231 لاپەرەییەدا رووبەڕووی دەبێتەوە. بەڵام ئەوە تەنها پرسیاری بە غەنیمەتبونی ژن نییە کە لە نێو دێرەکانی ئەم کتێبەوە دەبێتە پرسیاری سەرەکی، بەلکو پرسی ئەنفال، یان بە غەنیمەتکردنی ئینسان و ئەو چرکە میژوویەی کە تیایدا خواوەند مەملەکەتی حەرامەکان دەخاتە سنورەکانی حەلالەوە و دیدێکی  بنەرەتی نوێ لە دیدگای ئاینە تازەکەدا دروستدەکات کە پێچەوانەی تێروانینی ئاینەکانی پیش خۆیەتی لە پەیوەند بە تێروانین بۆ چەمکی ئەنفالەوە.  

 

شەری بەدر وەک ویستگەی یەکەم

ئەم دیمەنە دەبێ بگێردرێتەوە، بۆ ئەوەی وێنەکە باشتر ببینرێت." ئومەییەی بە تەمەن، دوای پاشەکشیی لەشکرەکەی، مادام ئەسپەکەی نەمابوو و نەشیدەتوانی هەڵبێت، بەجێ ما. خۆیی و عەلی کوڕی کە گەنج بوو و نەیدەویست باوکی بەجێبێڵێت لە مەیدانەکە بە پێوە وەستابون و بە دوای کەسێکدا دەگەڕان خۆیان بدەن بەدەستییەوە بۆ ئەوەی نەکوژرێن. عەبدولڕەحمانی کوڕی عەوف کە حەزی لە زرێ و پۆشینی شەر بوو، هاتبووە مەیدانەکەوە و دو زرێی بە کۆڵەوە بوو. ئومەییە لە دوورەوە ناسییەوەو  وهاواری لێکرد: هۆ عەبدوڵا! وەرە من و کوڕەکەم بەدیل بگرە، ئێمە لەوەی هەڵتگرتووە زیاتر دەکەین. عەبدوڵرەحمان زرێیەکانی فڕێدا، بەدیلی گرتن و دانییە بەر،  کەچی لە بیلال هەڵکەوتن کە بە گوێرەی گێرانەوەی دیکە پیشتر کۆیلەی ئومەییە بووە. بیلال لە گۆرەپانەکەدا بە شوێن خاوەنی پیشووی خۆیەوەیەتی تا بەدیل بیگرێت یان بیکوژێت.

کاتێ بیلاک دەبینێ عەبدولڕەحمان ئومەیە و کوڕەکەی بەدیل گرتوون، بانگییان دەکات:"هۆ عەبدولڕەحمان ، ئەو کافرانەی بۆیان دەگەرێم بۆ کوێ دەبەی؟ عەبدولڕەحمان وتی: بێدەنگ بە ئەوانە دیلی منن. بیلال تێهەڵچوویەوە: دەی خوا ماوەت نەدات ئەگەر بێڵم لەدەستم دەربچن! موسوڵمانان  دەستو برد بە شمشێر کوڕەکەی ئومەییەیان کوشت . عەبدولڕەحمان خۆیدایە پێش ئومەیە و گووتی، ئەوەتا کوڕەکەت ئیتر نەماوە، ئێستا دێن تۆش دەکوژن. هیچم پێناکرێت. بڵێ: هیچ خودایەک نییە جگە لە ئەللا و موحەمەدیش نێردەری ئەڵلایە. ئومەییە وتی: گەر توانیبام ئەم وشانە بڵێم، نەدەهاتمە ئەم شەڕەوە.  عەبدولڕەحمان وتی: مادام وایەفریای خۆت بکەوە، چونکە من ناتوانم فریات بکەوم. ئومەییە کە لەبەر تەمەنی نەیدەتوانی ڕابکات، وتی : گەر توانیبام ڕیبکەم، خۆم و کوڕەکەیشم نەدەدا بە دەستی تۆوە. کاتێک ئەوان خەریکی ئەم قسەوباسە بوون، موسوڵمانان بۆی چوون و کوشتیان. عەبدولڕەحمان بە بیلالی وت: بۆ ئەو پەندەی پێتدام ، زرێیەکانم لە کیس چوو وتۆیش دیلەکانت کوشتم. هەمووان شتێکیان دەستکەوت جگە لە من."

ئەم دیمەنە لای کۆمەلێکی زۆری راڤەکاران دێتە گێرانەوە. بەلام هاوکاتیش دەبێتە جیگای ئەو ناکۆکییەی   لە نێوان دەستەو تاقمە جۆراوجۆرەکانی جەنگاوەرانی ئەم شەرەدا بەرپادەبێت کە هەر یەکە و بەشوێن بەش و دەسکەوتی خۆیەوەیەتی لەسەر غەنیمەت و دیلەکان. ئاخر لە ئاینە کۆنەکاندا: " غەنیمەتییان دەسووتان یان دەیانکرد بەژێر خۆلەوە بە جۆرێک کە کەس نەتوانێ دەستی لێبدات، دیلەکانیشیان دەکوشت."

بەلام ئەوەی دێتە پیش لە دوای سەرکەوتن لە شەڕی بەدردا وهەڵوێستە جۆراوجۆرەکانی عومەری کوڕی خەتاب ، عەبدوڵای کوڕی ڕەواح و ئەبوبەکر لە پەیوەند بەوەی کە چی لە ئەنفال (غەنیمەتی بەدەستهاتووی شەرەکە) بکرێت،  پەیامبەری ئیسلام بریار لەسەر ئەنفال دەدات.  بڕیارێک سەرتاپای ئەو تێڕوانینە دەگۆڕێت کە تا ئەو کاتە لە ئایینەکانی دیکەدا ڕەوایەتی هەبووە. ئەویش لە کورتییەتی خۆیدا بریتیە لەوەی  ئەوەی کە تا پیش ئەم چرکەساتە ئەنفال بەشێک بوو لە حەرام و نەدەکرا بە قوربانی و بەشێک بوو لەو ئاوارتەیەی لە دەرەوەی دەستگای تەشریعی ئینسانەوە  بوو،  ئەمجارەیان حەرام دەخرێتە ناو دەسەلاتی حاکمەوە. ئەو دوو ناوهێنانە کورتەی کە لە قورئاندا باس لە ئەنفال دەکات، ئەو ڕووبەرە فراوانەیە کە تەیفووری لە ڕەچەلەکناسی ئەنفالدا بە شوێن ئەم پرۆسەیەوەیەو لێرەیشەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ قەتڵوعامی کوردەکان لە ژێردەسەلاتی بەعسدا.

ئەم لێکۆڵینەوەیە کۆمەکێکی گەورە بە ئینسانی کورد دەکات کە لەو شتە تێبگات کە بە ئەنفالی کوردەکان ناودەبرێت کە بە یەکێک لە برینە قولەکانی سەر جەستەی ئینسانی کورد دەژمێردرێت ، کە بە بڕوای من، جگە لە بواری سیاسەت و تا رادەیەکیش شیعر ، جێگایەکی ئەوتۆی لە لێکۆڵینەوە زانستییەکاندا داگیرنەکردووە کە لە ئاستی گەورەیی پرسیارەکەدا بێت.  تەیفوری لەپاش روونکردنەوەیەکی درێژ و باوەرپێهێنەردا سەبارەت بە کەشفکردنی ئەو سنوورجیاکردنەوەیەی کە ئیسلام لەگەڵ ئەو نەریتە باوەی کەئاینەکانی دیکەی پێش خۆی  پەیڕەوییان لێدەکرد، نیشانی دەدات کە چۆن ئەنفال دەکریتە ئەو حەرامەی کە دەسەلاتی حاکم حەلالی دەکات.

 

ئەنفال و خودا

ده‌ڵێن له‌ یه‌کێک له‌ ئۆردوگا زۆره‌ملێیه‌کانی نازیزمدا، کۆمه‌ڵێک جووی ئایندار، له‌ ئێواره‌یه‌کی ژووره‌ شیداره‌که‌ی خۆیاندا، له‌ به‌رانبه‌ر مه‌رگبارینی ڕۆژانه‌ی هاوڕێیان و ئازیزانیاندا، ئیمانییان به‌ خواوه‌ندی خۆیان له‌قده‌بێت و ئه‌و پرسیاره‌ ده‌که‌ن که‌ له‌ هیچ کاتێکی ئاسایدا نه‌یانوێراوه‌ به‌ سه‌ر زاریاندا بێت. 

 ” ده‌کرێ خودا به‌رپرسیارێتی ئه‌م دۆزه‌خه‌ی ئه‌وانی له‌سه‌ر شان بێت و له‌م جه‌هه‌نه‌مه‌ قاندراوه‌ی ئه‌واندا ده‌ستی نه‌بێت”. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌، پێکهێنانی دادگایه‌کی بچکۆله‌، پێکهاتوو له‌ دادوه‌ر و پارێزه‌ر بۆ تاوانبار و تاوانلێکراو، خێرا دادەمەزرێنرێت.  له‌ پاش قسه‌ و باسێکی درێژ، به‌ کۆی ده‌نگ بڕیارده‌درێت:” به‌ڵێ، خوداش تاوانباره‌” به‌ڵام هه‌ر له‌ دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م بڕیاره‌ی دادگا‌، ده‌ڵێن: “به‌لام ئێستا کاتی نوێژی ئێواره‌یه، با بڕۆین نوێژه‌کانمان بکه‌ین” . ئاخر ئینسان له‌ دۆزه‌خه‌کانی ئاوشویستدا نه‌یده‌توانی بێ ئومێد، بێ خودا بێت.

ئەم نموونەیە، لە دۆخی ئەنفالی کوردەکاندا بەم جۆرە ئامادەیی خوا نیشاندەدات:" ڕەنگە 5 دەقە زیاتر هەر تەقەیان کردبێ و هەموو سەیارەکەیان کردە سەرەن، بڕوا بکە دەنگێک لەناو سەیارەکەوە دەهات لە ژیانمدا گوێم لە دەنگی وانەبوو بوو، ئەوەندە ترسناک بوو. دەنگی چۆڕەی خوێن بوو کە لەو کوونانەوە فیشکەی دەکرد کە فیشەک کوونی کردبوو. دەتووت هەوایە دەیکەیتە تایەی سەیارەوە، ئاوا فیشەکەی دەهات.  چونکە خوێنەکە زۆر زۆر بوو، لە ناو سەیارەکە و هێشتا هەمووی خوێنێ لێدەچۆرا. من هەستدەکەم هەر خوا خۆی مەیلی وابووە ئێمە بمێنین و بگەڕێینەوە تا خەڵک بزانێ چییان بەسەر ئەو عالەمەیا هاورد. ئەگینا من زۆر جار بیردەکەمەوە، دەڵیی خەیالە."

ئەمە بەشێک لە گێڕانەوەی عوزێرە بۆ ئەو چرکەساتەی کە جگە لە خوێن، خواش بە پەلەپروزێ بۆ ڕزگارکردنی دەموچاوی خۆی، شەرمنۆکانە کەسێک ڕزگاردەکات تا وەک شایەتێک ڕووداوەکە بە نەوەکانی داهاتوو بگەێنێت. بە کورتییەکەی لە ئاوشویتش و لە ئەنفالدا، ئینسان ناتوانێت بێ ئومید، یان بێ خوا بێت.

جیاوازییەک کە لە نێوان ئەم دوو نموونەیەدا هەیە ئەوەیە کە کوردەکان لە دوای شاردنەوەی جەستەکانی ئەنفالەوە، لەلایەن زیندووەکانی دوای ئەنفالەوە، ئەم پرسیارە دەکەن :  لەم تراژیدیایەی رووبەروی ئێمە بوویەوە ، خودا چەندە  تاوانبارە؟

بێگوومان وەلامی " بەڵێ خودا تاوانبارە" کە تێروانینێکی باو و تا ڕادەیەک بەرینی ناو کۆمەلگای "خوێندەواری" کوردییە، ، زادەی دادگایکردن و خوێندنەوەیەکی قوڵی جێگاو رێگای ئایین نییە لە پرۆسەی ئەنفالدا، بەلکو دەرئەنجامی بەیەکەوەگرێدانی  سوورەتی ئەنفالی ناو قورئانە لەگەڵ ناوی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی کە ئەنفالی کوردەکانی  تیا ئەنجامدەدرێت. بە بروای من، ئەم پێکەوەلکاندن و پەیوەندیسازکردنە ، کاردانەوەیەکی سروشتی و تا ڕادەیەک زۆر سادەی قوربانییە کە دەیەوێ وەڵامیكی ئیجگار سانا بە پرسێارێکی قوڵ و ئاڵۆز بداتەوە.  ئەوەشمان لە یاد نەچێت لە پاڵ کاردانەوەی ئینسانی تاکەکاندا و گەران بەشوێن پرسیاری بۆچی ئەنفالدا، ئەم پرسە لە کایەی سیاسەتدا دەخرێتە ناو گووتارێکی تووندی ناسیونالیستییەوە کە ناوەڕۆکەکەی دژە ئیسلام و عەرەبە.  دەرئەنجامی ئەم پرۆسەیە، ئێمە دەبینە خاوەنی گوتارێک بۆ ناساندن و گەران بە دوای ئەنفالدا کە لە بەرگێکی ئاینییەوە پێچراوە و وەلامی پرسیاری بۆچی ئەنفال لە ئیسلامدا دەدۆزێتەوە.  

ئەم لێکۆڵینەوەیەی تەیفوری، ئەنفالی کوردەکان دەخاتە ئەو چوارچێوە زانستییەوەی کە ئینسان بۆ سەرنجدان لەم پرسیارە گەورانە پێویستییەتی. ڕەواندنەوەی تەمی ئەو گوومانانەیشە کە لە دەوری وشەی ئەنفال و بەکارهێنانە ئاینییەکەی هەڵچنراوە.  بۆیە خوێنەر سادەتر و چاوکراوانەتر دەتوانێ ئەکتەرەکانی دەرگیر لەم پرۆسەیەدا ببینیت.  

"ڕەچەڵەکناسی ئەنفال"، یەکێك لەو پێویستییە گرنگانەی ئینسانی کوردە بۆ ئەوەی بتوانێ بەبێ دەمارگیرییەکی ئاینی و نەتەوەییەوە لە برینەکانی خۆی بڕوانێت. پێویستییەک کە دەمێک بوو دەبوا پڕبکرایەتەوە.

 

1/ مەنسوور تەیفووری، ڕەچەلەکناسی ئەنفال، 2022، چاپخانەی سوهرەوەردی

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×