ئاوات جەناب نوری: لەجێبەجێکردنی یاسای بودجەدا عێراق بەدو پێوانە مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەکات
  2023-09-17       900       

ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی‌و ئابوریی‌و حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌ڵێت، لەجێبەجێکردنی یاسای بودجەدا حکومەتی عێراق بەدو پێوانە مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەکات.

ئاوێنه‌: به‌گوێره‌ی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوی‌ وەزیری دارایی‌‌و له‌كۆبونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ وه‌فدی‌ کونسوڵخانەی ئەمریکا لەهەولێر، ئاوات جەناب نوری ڕایگه‌یاندووه‌، لەجێبەجێکردنی یاسای بودجەدا حکومەتی ناوەندی بەدو پێوانە مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەکات و لەبابەتی خەرجیدا خەرجیەکانی هەرێم لەگەڵ خەرجی پانزە پارێزگاکەی عێراق هەژمار ناکات و لە بابەتی داهاتی نانەوتیشدا کار بەیاسای ئیدارەدانی دارایی ناکات کە لە یاسای بودجەدا ئاماژەی پێکراوەو دەبێت لە ٥٠٪ داهاتەکە بۆ هەرێم بێت بەڵام داوای لە ١٠٠ ٪ داهاتەکە دەکەن، هاوکات بە پێی ئینفاقی فیعلیش پشکی هەرێم ئەوەندە کەمکراوەتەوە کە لە ٥٪ تێپەڕ ناکات.

هاوکات وه‌زیری‌ دارایی کورتەیەکی لەسەر دەرئەنجامی سەردانی هەفتەی ڕابردوی شاندی باڵای هەرێم بۆ بەغداد خستەرو وتی‌، ئامانجی سەرەکیان چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فه‌رمانبەران بووەو دابەشکردنی هاوشێوەی شارەکانی تری عێراق لە کاتی خۆیدا.

وتیشی، زۆربەی هێزە سیاسیەکانی عێراق هاوڕابوون کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تێکەڵ بە کێشەی سیاسی نەکرێت ئەوەش بەهەموار کردنەوەی بەشێک لەبڕگەو مادەکانی یاسای بودجە دەکرێت و دەرکردنی مووچە لە خەرجی فیعلی مانگانە. 

لای خۆیەوە کونسوڵی ئەمریکا وتویه‌تی‌، هەموو هەوڵی خۆیان دەخەنە گەڕ تا پەیوەندیەکی تەندروست لە نێوان هەرێم و بەغداد لە سەر بنەمای دەستوور هەبێت و جەختیشی کردەوە یەکڕیزی و تەبایی ناوماڵی کورد گرەنتی پاراستی هەرێمی کوردستان و بەدەستهێنانی مافەکانیەتی.    
                                                                           

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×