2019-08-02   4937     
من بە حوکمی ئەوەی چەند ساڵانێکی زۆر وەک پێشمەرگەیەک لە شاخ و دوای ڕاپەڕینیش نزیک ڕەحمەتیی مام جەلال و خانەوادەکەی بووم، زۆر نزیک بووم لە مام جەلالەوە لە زۆربەی گەڕان و گەشتەکانی و کۆبوونەوەکانی منی لەگەڵ بووم، ئاگاداری زۆر لە رووداوەکانم.
سەردەمی مفاوەزاتی حیزبە کوردستانیەکان ساڵی 91 بوو لەگەڵ ڕژێمی بەعس، رۆژێکیان بەرەحمەت بن لەگەڵ مام جەلال و کاک نەوشیروان و ڕەسوڵ مامەند و هەندێ لە مەسولەکانی تری یەکێتی لە مقەڕی سەرەکیی یەکێتی بووین لە هەولێر.
نیوەڕۆ بوو، نان خورا و من لە هۆڵەکە بە پێوە وەستابووم، کاک نەوشیروان وەک عادەتی خۆی هەر چوار کەوچکێکی ئەخوارد، زوو هەڵسا بۆ دەستشتن، بەڕەحمەت بێ رەسوڵ مامەند لە هۆڵەکەبوو هاتە تەنیشت ئەو قەنەفەیەی کە من لێی وەستابووم و دانیشت، کاک نەوشیروان دەستی شۆرد و بەبەردەمی کاک ڕەسوڵ مامەند تێپەڕی بەڵام ئەوی نەبینی، نەیزانیبوو کە هاتووە.
ڕەسوڵ مامەند سەیرێکی منی کرد و وتی، وەڵاهی ئینسان ئەم پیاوە ئەبینێت کۆڵێک تەریق ئەبێتەوە لە ئاستی خۆی.
کە وایوت، زۆرم لەلا سەیر بوو، تێنەگەیشتم مەبەستی چی بوو، ئیتر لەبەرخۆمەوە هەر بیرم لێئەکردەوە و ئەمویست بزانم بۆ وای بە کاک نەوشیروان وت.
ئەوان خەریکی چا خواردنەوە بوون لە ژوورەوە و منیش کاک ڕەسوڵم جێهێشت و چوومە باخەکە و لەلای حەوزی ماسییەکە وەستام و تەماشای ماسییەکانم دەکرد و بیرم لەو قسەیەی کاک رەسوڵ مامەند دەکردەوە.
لەو بیرکردنەوەیەدا بووم زۆر بێتاقەت بووم، وتم ئەچمە ژوورەوە و بانگی ئەکەم و بزانم بۆ وایوت، ئاوڕم دایەوە کاک رەسوڵ مامەند بوو هاتە دەرەوە بۆ لای من و وتی ئەوە سەیری چی ئەکەیت سەڵاح ! وتم کاک رەسوڵ پرسیارێکم هەیە، وتی فەرموو سەڵاح گیان چییە؟ وتم بۆچی ئەو قسەیەت وت بە کاک نەوشیروان؟ خۆ ئەو گوێی لێنەبوو، بەس ئەمەوێ بزانم، وتی، سەڵاح گیان ئەو پیاوە لە کەس ناچێ، وتم ئێ چۆن؟ ئەوە چ پەیوەندی بەو قسەیەوە هەیە کە پێتوت؟ کاک رەسوڵ مامەند وتی، ماوەیەک لەمەوبەر منیش یەکێک بووم لە وەفدی مفاوز لەگەڵ حکومەتی عێراق، زۆر بووین، زۆربەی سەرۆکی حیزبەکان پێکەوە لە کۆشکی کۆماریی، دوای قسە و باس و کۆبوونەوە لەگەڵ سەدام و مەسولە عیراقییەکان ئەبوایە بگەڕاینایەتەوە، دیاربوو پرۆتۆکۆلی کۆشکی کۆماریی وابوو کە بۆ هەر کەس و میوانێک دیارییەکی بدەنێ لە کاتی رۆیشتن.
پیاوێکی ڕەشتاڵە، دیاربوو لەناو کۆشک ئیشی ئەکرد لەسەر عەرەبانەیەک لەوانەی کە خواردن و شتی ئەخەنە سەر بۆ میوانان و ئەیگێڕن، مەجموعەیەک شتی لەسەر بوو پاڵی بە عەرەبانەکەوە ئەنا و لە بەردەم ئێمە وەستانی، ئێمەش بە ڕیز وەستابووین تا سەدام خواحافیزبوونیمان لێبکات، سەدام هات و یەکە یەکە دەستی ئەبرد بۆ سەر عەرەبانەکە و سەر و دەمانچەیەکی چواردە خۆری زیوی گرانبەهای بەسەردا دابەشکردین، هەموومان وەرمانگرت، گەیشتە لای کاک نەوشیروان، سەدام دەمانچەکەی گرت بە دەستیەوە و دەستی گرتەوە بۆ تەوقەکردن لەگەڵ کاک نەوشیروان ویستی پێشکەشی بکات، کاک نەوشیروان بە سەدامی وت (دیارییەکی تر هەیە ئەگەر ئەوەم بدەیتێ زۆر مەمنوون ئەبم، سەدام وتی چییە ؟ کاک نەوشیروان وتی، گۆڕی ئەنفالەکانم بەرێ، سەدام کەمێک تەماشای کاک نەوشیروانی کرد و ئێمەش هەموومان بێدەنگ تەماشای ئەوانمان ئەکرد، پاش کەمێک سەدام وتی، داوای هەرچیەک ئەکەیت بیکە بەس باسی ئەنفالەکان مەکە، کاک نەوشیروانیش وتی، من تەنیا ئەو دیارییەم ئەوێ و ئەتوانم لێتی وەربگرم، ئەوە ئەو دیارییەی بە دەستەوەیە نەمویست)، هەر بەڕاستیی سەڵاح هەمومان و من بە تایبەت لەجێی خۆمان تەریق بووینەوە، لەبەر ئەوە کە بینیم بە بەردەممدا تێپەڕی لە ژوورەوە، ئەو قسە و هەڵوێستەیم بیرکەوتەوە، بەڕاستیی ئینسان ئەو پیاوە ئەبینێت تەریق ئەبێتەوە لە ئاستی خۆی.
سەڵاح لیوا بیست ــ ئەڵمانیا