ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێكی فەلەستینی نزیك لە حەماسەوە، ئەمڕۆ دوشەممە، بڵاویكردەوە، بزوتنەوەی حەماس رازی بوە لەسەر پێشنیارێكی ستیڤ ویتكۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ راگرتنی شەڕ لە غەززە.
ئاوێنە: ئەو بەرپرسە فەلەستینییە بە ئاژانسەكەی وتوە، پێشنیارەكە ئازادكردنی 10 بارمتەی ئیسرائیلی كە لە ژیاندا ماون لە خۆدەگرێت و ئەوانەش بە دو جار ئازاددەكرێن، ئەوەش لەبەرامبەر راگرتنی شەڕ بۆ ماوەی 70 رۆژ.
بەقسەی بەرپرسە فەلەستینییەكە، پێشنیارەكە كشانەوەی هێزەكانی ئیسرائیل لە بەشێكی كەرتی غەززەش لەخۆدەگرێت لەگەڵ ئازادكردنی ژمارەیەك لە زیندانیانی فەلەستینی كە لەنێویاندا سەدان كەس هەن ماوەیەكی درێژە لەزیندانەكانی ئیسرائیلدان.
رۆژی 18ی ئازاری ئەمساڵ، ئیسرائیل بە كردەوە كۆتایی بەو ئاگربەستە هێنا كە لە مانگی كانونی دوەمی ئەمساڵ لەگەڵ حەماس ئیمزاكرابو و دەستی كردەوە بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی لە غەززەو دو رۆژ دوای ئەوەش حەماس و گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی دەستیان كردەوە بە هێرشەكانیان و هاویشتنی موشەك.
حەماس پێشتر ئامادەیی خۆی بۆ ئازادكردنی سەرجەم ئەو بارمتانە راگەیاندبو كە لەلای ماون و لەگەڵ رازی بون بە ئاگربەستی هەمیشەیی، بەمەرجی ئەوەی ئیسرائیل لە تەواوی كەرتی غەززە بكشێتەوە.
هەروەها بنامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندبو كە وڵاتەكەی بە ئاگربەستی كاتی رازی نابێت تەنیا لەبەرامبەر ئازادكردنی بارمتەكاندا نەبێت و جەختیشی كردەوە كە كۆتایی بە شەڕ ناهێنن تا ئەو كاتەی بەتەواوەتی بەسەر حەماسدا سەردەكەون.
لەدوای هێرشەكەی 7ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2023ی حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل كە بەپێی قسەی ئیسرائیل تێیدا 1200 كەس كوژران و 251 كەسیش بە بارمتە گیران، شەڕی ئیسرائیل و حەماس تاوەكو ئێستا كوژرانی نزیكەی 54 هەزار فەلەستینی لێكەوتۆتەوە.