به‌گوێره‌ى هه‌واڵى میدیاى ئێران، دادوەرو سەرۆکی هۆبەیەکی دادگای دوەمی پارێزگای شیرازی ئێران كاتێك به‌ڕێوه‌بوه به‌ره‌و سەر کارەکەی، لەلایەن کەسێکی نەناسراو درایه به‌ر چەقۆو کوژرا.
ئاژانسى هه‌واڵى ته‌سنیم ئاشكرایكردوه، دادوەر ئیحسان باقری سەرۆکی هۆبەی 102ی دادگای تاوانەکانی دوو لەشیراز له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه دراوه‌ته‌به‌ر چه‌قۆو سه‌ره‌نجامیش گیانى له‌ده‌ستداوه.
له‌وباره‌یه‌وه سەدروڵڵا ڕەجایی نەسەب سەرۆکی دادگای گشتیی پارێزگای فارس، هەواڵی کوژرانی دادوەرەکەی پشتڕاستكردوه‌ته‌وه‌و وتویه‌تى، "ڕوداوه‌كه کردەوه‌یه‌كى تیرۆریستی بوه".
ئه‌وه‌شى ئاشكراكردوه، "لایەنە پەیوەندیدارەکان لەچۆنێتى ڕوداوو تاوانەکەو ئاشکراکردنی ناسنامەی هێرشکەرەکە لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکردوەو هێرشکەرەکە بەچەقۆ تاوانەکەی کردوە".
بەگوێره‌ى هەواڵه‌كه‌ى تەسنیم، ئیحسان باقری تەمەن 38 ساڵ ماوەی 12 ساڵ خزمەت‌و ئەزمونی لەبواری یاسایی‌و دادوەری هەبوەو پێشتریش ئەرکی داواکاریی گشتیی دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەى هەبوە، دواجار لەنیسانی ساڵی ڕابردوو پلەکەی بۆ سەرۆکی هۆبەی 102ی دادگای تاوانەکانی دوو، لەشیراز بەرزکراوەتەوە.