رۆیتەرز: ئێران بەمەرج ئامادەیە پیتاندنی یۆرانیۆم بەشێوەیەكی كاتی رابگرێت
  2025-05-28       344       

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری دو سەرچاوەی رەسمی ئێرانییەوە بڵاویكردۆتەوە، وڵاتەكەیان بە مەرج ئامادەیە پیتاندنی یۆرانیۆم بەشێوەیەكی كاتی رابگرێت ئەوەش بەپێی لێكتێگەیشتنێكی سیاسی لەگەڵ لایەنی ئەمریكی كە رێككەوتنێكی ئەتۆمی گشتگیری لێ بكەوێتەوە.

ئاوێنە: ئەو دو سەرچاوە ئێرانییە كە نزیك لە وەفدی دانوستانكاری ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە ئاژانسی رۆیتەرزیان وتوە، "دەكرێت بەم زوانە لەگەڵ ئەمریكا بگەینە لێكتێگەیشتنێكی سیاسی" ئەگەر واشنتن مەرجەكانی تاران پەسەندبكات.

یەكێك لە سەرچاوەكان وتویەتی، ئەو پرسە تاوەكو ئێستا لە دانوستانەكاندا لەگەڵ ئەمریكا باس نەكراوە.

دو سەرچاوە ئێرانییەكە ئاماژەیان بەوەشداوە، بەپێی لێكتێگەیشتنەكە، تاران پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەی ساڵێك رادەگرێت و بەشێك لەو یۆرانیۆمەشی كە بە ئاستی بەرز پیتێنراوە، بنێرێتە دەرەوە یاخود بیگۆڕێت بۆ بەكارهێنانی بەمەبەستی مەدەنی.

بەرپرسانی ئەمریكا لە چەندین بۆنەدا دوپاتیان كردۆتەوە كە هەر رێككەوتنێك لەنێوان واشنتن و تاران دەبێت ببێتە مایەی دەستبەرداربونی ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم كە دەكرێت چەكی ئەتۆمی لێ دروست بكرێت، بەڵام تاران بەردەوام ئەو تۆمەتانەی رەتكردونەتەوە كە ئامانج لە بەرنامە ئەتۆمییەكەی دروستكردنی چەكی ئەتۆمی بێت و لەگەڵ ئەوەش داواكەی ئەمریكای بۆ دەستبەرداربون لە پیتاندنی یۆرانیۆم رەتكردۆتەوەو بە دەستدرێژی بۆ سەر سەروەریی وڵاتەكەی ناوبردوە.

هەر ئەمڕۆ بەرپرسێكی ئەمریكی بە ئاژانسی رۆیتەرزی وتوە، ئەو پێشنیارەی ئێران تاوەكو ئێستا لە دانوستانەكاندا نەخراوەتەڕو.

دو سەرچاوە ئێرانییەكە جەختیان كردۆتەوە كە تاران رازی نابێت بەهەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی و لابردنی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی وەك ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا داوای كردوە.

لەبری ئەوە ئەو دو سەرچاوەیە وتویانە، پێویستە ترەمپ بەئاشكرا دان بە مافی سەروەریی ئێراندا بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بنێت بەو پییەی ئێران ئەندامی پەیماننامەی قەدەغەی چەكی ئەتۆمییە و هەروەها بلۆككردنی لەسەر داهاتە نەوتییەكانی ئێران بەهۆی سزاكانەوە هەڵگبرێت لەنێویشیاندا ئەو 6 ملیار دۆلارەی ئێران كە لە قەتەر بلۆككراوە.

یەكێك لە سەرچاوە ئێرانییەكان ئەوەشی وتوە، تاران دەیەوێت پارەكانی بەبێ هیچ كۆت و بەندێك بۆ ئێران حەواڵە بكات، ئەوەش ئەگەر بەمانای هەڵگرتنی بەشێك لە سزاكان بێت، ئەوا دەبێت ئەو كارە بكرێت.

بەپێی قسەی دو سەرچاوە ئێرانییەكە، لێكتێگەیشتنە سیاسییەكە، دەرفەتێكی زیاتر دەداتە ئەو هەوڵە دیپلۆماسییە ئەتۆمیانەی كە لە ئێستادا هەن بۆ ئەوەی لەڕێگەی پێدانی كاتی زیاترەوە ئەنجامیان هەبێت بۆ گەیشتن بە هاوڕایی لەبارەی ئەو پرسانەی كە چارەسەركردنیان قورسەو پێویستە بۆ ئیمزاكردنی رێككەوتنێكی هەمیشەیی.

یەكێك لە سەرچاوەكان وتویەتی، بیرۆكەكە گەیشتن نییە بە رێككەوتنێكی كاتی، بەڵكو رێككەوتنێكی سیاسییە كە هەوڵی هەردولا بۆ هێوركردنەوەی گرژییەكان دەردەخات.

لەبارەی ئەوەی كە ئایا دەكرێت ئەمریكا سزا سەرەكییەكانی لەسەر ئێران لاببات لەو ماوەیەی كە تاران پیتاندنی یۆرانیۆم رادەگرێت، یەكێك لە سەرچاوە ئێرانییەكان، وتویەتی، لەو پێنج گەڕی دانوستانانەی كە تاوەكو ئێستا كراون، گفتوگۆ لەبارەی چۆنیەتی لابردنی سزاكان هەبوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×