ڕۆژنامەی ئەلعەرەب: بۆ تۆڵەکردنەوە لە ڕێکەوتنی هەولێر لەگەڵ واشنتۆن، بەغداد گورزێکی کەمەرشکێن لە هەرێم دەدات
  2025-05-27       782       

ڕۆژنامەیەکی عەرەبی دەڵێت "بەغدا بڕیاریداوە دووبارە پەنا بۆ دادگای فیدراڵیی عێراق ببات بۆ تۆڵەکردنەوە لەو ڕێکەوتنەی هەولێر لەگەڵ واشنتۆن لە بواری وزەدا ئەنجامیداوە".

ئاوێنە: ڕۆژنامەی ئەلعەرەب لە ڕاپۆرتێکیدا ئاشکرایکردووە، بەغدا دەستی بە دوو جوڵەی جیاواز بەرامبەر هەرێمی کوردستان کردوە، لەکاردانەوەی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکانی وزەی هەولێر لەگەڵ واشنتۆن.

ڕۆژنامەکە لە نوێترین ژمارەیدا دەڵێت، بەغدا دەیەوێت لە ڕێگەی ئەو سکاڵایەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵیی عێراق تۆمارکراوە، گورزێکی کەمەرشکێن لە هەرێم بدات.

هاوکات جوڵەی دووەمی بەغدا بریتییە لە تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی دژ بەو ڕێککەوتنەی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە ئەمریکا بە بەهای 110 ملیار دۆلار، بۆ پەرەپێدانی نەوت و گاز واژۆیکردوە.

هەر بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتەی ڕۆژنامە عەرەبییەکە، "بەغدا ناتوانێت ڕێکاری سیاسیی ڕاستەوخۆ بەرامبەر هەرێم بگرێتەبەر، لەبەرامبەردا پەنا بۆ دادگای فیدراڵیی دەبات، بە ئامانجی دروستکردنی قەیرانێکی نوێی سیاسی لەهەرێم، درێژەدان بەو بۆشاییە یاساییەی ساڵانێکە هەرێمی کوردستانی تێکەوتووە".

هاوکات باس لەوەشکراوە، هاتنە ناوەوەی دادگای فیدراڵیی دژی هەرێم، دژایەتیەکی ڕاستەوخۆی ئیدارەکەی ترەمپە، چونکە پێشتر جۆ ویڵسۆن، ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا ڕەخنەی توندی لەو دادگایە گرت و جاسم عەبود، سەرۆکی دادگای فیدراڵیی بە "بوکەڵەی دەستی ئێران و میلیشیای بەدر" ناوبرد.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×