سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، رایگەیاند، لە گەڕی داهاتوی دانوستانەكانیاندا لەگەڵ پارتی، گۆڕانكاری لە جۆری پۆستە دڵخۆازەكانی یەكێتی دەبێت و پێشكەشی وەفدی دانوستانكاری پارتی دەكەن.
ئاوێنە: سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، سەرۆكی وەفدی دانوستانكاری یەكێتی، بە میدیای حزبەكەی وت، بۆ گەڕی داهاتوی دانوستان لەگەڵ پارتی، گۆڕانکارییان لە جۆری پۆستە دڵخوازەکانی یەکێتی دەبێت.
سەبارەت بەجۆری گۆڕانکارییەکە، سەمیر هەورامی رایگەیاند: گۆڕانکارییەکەی ئەمجارە لە پۆستە باڵا و سیادییەکان دەبێت و پێشکەش بە وەفدی دانوستانکاری پارتی دەکەن.
وتیشی، بەهیوان هەردولا بگەنە دەرچەیەک لەپێناو زوتر پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمى کوردستان و دامەزراوەکانی دیکە و چالاککردنەوەی دەسەڵاتی یاسادانان.
سەمیر هەورامی ئاماژەی بەوەشدا، تاوەکو ئێستا هیچ کاتێک بۆ کۆبونەوەى وەفدی دانوستانکارى هەردولا دیاری نەکراوە، بەڵام یەکێتی ئامادەیە کۆبونەوەی دیکە ئەنجامبدات بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەى پۆستەکان و چۆنییەتی پێکهێنانی کابینەی نوێ و دامەزراوەکانی دیکە بکەن.
ئەوەشی خستەڕو، لە کۆبونەوەکانى رابردودا، یەکێتی و پارتی پێکەوە رەشنوسێکی دیدگای هاوبەشیان بۆ حکومڕانی دارشتوە کە دەبێتە بەشێکی دانەبڕاوی بەرنامە و کاری کابینەی داهاتوی حکومەتی هەرێم.