کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند: چەند رۆژێکی دیکە دەستدەکات بە تۆمارکردن و وەرگرتنی کارمەندانی سەر سندوقەکانی دەنگدان و پیویستیان بە ٣٠٠ هەزار کارمەندە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ سیشەممە، ٢٧ی ئایاری ٢٠٢٥، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئاشکرایکردووە، بۆ ئیدارەدانی پرۆسەی دەنگدان، پێویستیان بە ٣٠٠ هەزار کارمەندە، ئەوانیش دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان، لەگەڵ فەرمانبەرانی دەوڵەت دەبن، هەروەها ئەو کارمەندانە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە خولی راهێنانیان پێدەدرێت و فێری چۆنییەتی بەکارهێنانی سیستمەکە دەکرێن".
وتیشی: "ئاستی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز و ملیۆنێک و ٥٥٠ هەزار کەس تۆمارەکانیان نوێکردووەتەوە و ئەوەش ئاستێکی بەرزە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشوو و نیشاندەرە، کە هاوڵاتییان دەیانەوێت بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن".
سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، باسی لەوەشکردووە، "ماوەی تۆمارکردنی هاوپەیمانێتییەکان کۆتاییهاتووە و ئێستاش لە 25ـی مانگەوە دەرگا کراوەتەوە بۆ تۆمارکردنی لیستی بەربژێران لە هاوپەیمانی و حیزبەکان جگەلە و بەربژێرانی تاک.
هاوکات، عیماد جەمیل، دەسڵێت: لە پاش ١٥ـی حوزەیرانەوە جارێکی دیکە وادەى نوێکردنەوەى تۆماری دەنگدەران درێژناکرێتەوە و لەم هەڵبژاردنەدا سێ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار دەنگدەری نوێ بۆ یەکەم جار بەشداری دەکەن.