د. نەرمین مەعروف، پەرلەمانتاری یەكێتی و ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق پێی وایە، هەڵوێستەكەی ئەمڕۆی وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی موچەی هەرێم، پێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدراڵییەو دەشڵێت، بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە هەمو رێکارێکی دەستوری و پەرلەمانیی ئەگرینەبەر.
ئاوێنە: د. نەرمین، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەمشەو، لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بە مەبەستی بەدواداچون بۆ چەند پرسێکی دارایی وەک موچەی مانگی 5ی موچەخۆران، 100 هەزار دیناری باشترکردنی بژێوی خانەنشینان، بە هەمیشەییکردنی کارمەندانی گرێبەستی کۆمسیۆن، پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و چەند پرسێکیتر سەردانی وەزارەتی داراییم کرد و چاوم بە وەزیری دارایی کەوت.
د. نەرمین وتوشیەتی، تایبەت بە پرسی موچەی مانگی 5، وەزیری دارایی ئاماژەیدا بە ناوەڕۆکی نوسراویان ژمارە 14502 کە چیتر ناتوانن موچە بۆ هەرێم بنێرن لەبەر تەواوبونی پشکی هەرێم لە بودجەی سێ ساڵەی فیدڕاڵی.
ئەندامە كوردەكەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەشداوە، وێڕای مشتومڕێکی زۆرمان لەگەڵ وەزیری دارایی لەسەر ئەم بابەتە، لەبەرئەوەی ئەم هەڵوێستەی وەزارەتی دارایی پێجەوانەی بڕیاری ژمارە 224ی دادگای فیدڕاڵییە، هەروەها ئەو شێوازەی پشکی هەرێمی پێ ئەژمار کراوە لەو نوسراوەی وەزارەتی دارایی هیچ بنەمایەکی یاسایی و ژمێریاری نییە، جگە لەوەی حکومەتی فیدڕاڵ هێشتا خشتەی داهات و خەرجی ساڵی 2025ی نەناردوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران کە پێچەوانەی مادەی 77/دوەم لە یاسای بودجەی سێ ساڵەیە.
د. نەرمین جەختی كردۆتەوە كە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە هەمو رێکارێکی دەستوری و پەرلەمانیی ئەگرینەبەر.