نێچیرڤان بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە تەلەفۆن قسەیان كرد
  2025-05-28       308       

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە ماركۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكاوە پێگەیشت. وەزیرە ئەمریكییەكە جەختی كردەوە كە "پشتگيريی ئەمه‌ریکا بۆ هەرێمی کوردستان، به‌ بنەمایەکی سەرەکيی پەیوەنديی ستراتيژيى ئەمه‌ریکا لەگەڵ عێراق، دەمێنێتەوە."

ئاوێنە: سەرۆكایەتی هەرێم، كەمێك لەمەوبەر، لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، نێچيرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنى له‌ مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکاوه‌ پێگه‌یشت.

بەپێی راگەیەندراوەكە، له‌ په‌يوه‌ندييه‌كه‌دا هه‌ردولا جەختیان له‌ بره‌ودان به‌ پەیوەنديی ستراتیژيی ئەمه‌ریکاو هەرێمی کوردستان کردەوە، هەروەها باسيان له‌ هاريكاريى بوارى ئابورى و وزه‌ و گرنگيی بەردەوامبونی هەماهەنگیى نێوانيان کرد بۆ پشتگيريى سەقامگیری و ئارامى لە عێراق، سوریا و ناوچەکە به‌گشتی.

سەرۆكایەتی هەرێم وتویەتی، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكا سوپاسی نێچيرڤان بارزانی کرد بۆ ڕۆڵ و هەوڵەکانی لە چارەسەرکردنی کێشەكانى نێوان حکومەتی عێراقى فيدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی لێكگه‌یشتن و گفتوگۆی بنیاتنەرانه‌وە.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، رۆبيۆ جەختی لەوە کردەوە کە پشتگيريی ئەمه‌ریکا بۆ هەرێمی کوردستان، به‌ بنەمایەکی سەرەکيی پەیوەنديی ستراتيژيى ئەمه‌ریکا لەگەڵ عێراق، دەمێنێتەوە. له‌ به‌رامبه‌ردا نێچيرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانينى بۆ پشتگيريى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دوپات كرده‌وه‌.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×