بەرپرسێکی حکومەتی هەرێم: ئەوەی لەعەینکاوە رودەدات قبوڵکراو نییە
  2025-05-27       493       

مونا یاقو سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ لەحکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: عەینکاوە ئەو شارۆچکەیەی کە لە ناوچە جیاجیاکانەوە کۆیکردوینەتەوە، و بە هەموو خۆشەویستییەکەوە لە باوەشی گرتوین، لە کلدان و سریانی و ئاشووری و ئەرمەنەکانەوە، بەهۆی ئەو شێواندن و پراکتیزە نەرێنییانەی کە بەدەستیەوە دەناڵێنێت، کاریگەریی توندی لەسەر خەڵکی ناوچەکە هەبووە، و لێرەدا چەند نمونەیەك  لەو شێواندنانە دەخەینەڕوو:

١- بڵاو بونەوەى ڕەفتارى نا ئەخلاقى لە شەقامەکانى عەینکاوەدا، بە شێوەیەکى ڕۆژانە،  بە تایبەت لە دواى نیوە شەوەوە، لە لایەن خەڵکانێکى بێگانەوە کە خەڵکى ناوچەکە نین.

٢- زیاد بونى ژمارەى هوتێلەکان بە شێوەیەکى چاوەڕوان نەکراو، کە لە گەل قەوارەى قەزاکەدا ناگونجیت، و هەروەها سەرپێچی ڕێنماییە کارپێکراوەکانە، بە تایبەتى هەندێکیان لە نێو گەڕەك و لە ناوچە نیشتەجێ بووەکاندان. لە هەموى خراپتر، هەندێکیان بۆ کارى بێ ڕەوشتانە بە کاردەهێنرێن.

٣- ئەو دەنگى بەرزى هۆڵەکانی ئاهەنگ گێران، تا درەنگانی شەو، ڕێگری لە نەخۆش و خوێندکاران دەکات کە ژیانی ئاسایی خۆیان بژین و کەسانی دەوروبەری ئەو هۆڵانەش لە خەو بێ بەش دەکات.

٤- هەندێ دیاردە پێشێلکارى نەریتی خەڵکی عەینکاوە دەکەن، وەکو جلوبەرگى ناشایستەى هەندێك لەو خەڵکانەى کە سەردانى عەینکاوە دەکەن..

٥- بڵاوبوونەوەی نائاسایی مەیخانە و مەساجخانە و یانە شەوانەکان بەتایبەتی کە هەندێکیان دەکەونە ناو ناوچە نیشتەجێبوونەکان، ئەمەش دانیشتوانی ناوچەکە ناڕەحەت دەکات و وایان لێدەکات هەست بە مەترسى بکەن بۆ کوڕ و کچەکانیان.

٦- زیادبوونی خاوەندارێتی موڵك لەلایەن کەسانی غەیرە مەسیحییەوە، لەڕێگەی فێڵى یاساییەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر دیمۆگرافیای ناوچەکە دەبێت و پێشێلکردنی بڕگەکانی دەستور و یاسایە.

هەموو ئەمانە جێگەی قبوڵکردن نین و دەبێت هەنگاوی جددی بنرێت بۆ ئەوەی بابەتەکە بە شێوەیەک لە قاڵب بدرێت کە خزمەت بە خەڵکی عەنکاوە بکات. عەینکاوە کە بە (شاری برایەتی و ئاشتی) ناسراوە، دەبێت هەموومان کاربکەین بۆ پاراستنی کەرامەت و ناوبانگی خەڵکەکەى. سڵاو لە گەنجانی عەینکاوە کە ئیرەیی بە ناوچەکەیان دەبەن و پشتیوانی تەواوی خۆمیان بۆ دووپات دەکەمەوە، هەروەها پێویستە ڕێز بگیرێت لە سەروەری یاسا و پێدانی مۆڵەت بۆ هەموو پڕۆژەکان، بە پێی ئەو مەرج و پێوەرانەی کە لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکاندا دیاریکراون.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×