سوپای توركیا بەردەوامە لە بوردوومانكردنی سنووری ئامێدی
  2025-05-27       258       

جارێکى دیکە سوپاى تورکیا زنجیرە چیاى مەتینا و گوندەکانى لە سنوورى شارۆچکەى ئامێدى بۆردوومان کرد.

ئاوێنە: بەیانى ئەمڕۆ سوپاى تورکیا بەچڕى چیای مەتینا و گوندى گوهەرزێی لە سنوورى ئامێدى بۆردوومان کردووە و دوکەڵێکى چڕیش لە سنوورەکە دروستبووە.

سوپای توركیا بەردەوامە لە بوردوومانكردنی سنووری ئامێدی، لە دوێنێوە توپخانەكانی ئەو وڵاتە، لە شارەدێى دێرەلوکەوە چیای مەتینا بوردوومان دەکەن.

بۆردوومانى سوپاى تورکیا لەکاتێکدایە، پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە"، لە کۆنگرەى 12دا کە لە رۆژانى 5 بۆ 7ـى ئایار بەڕێوەچوو، بڕیایدا بە هەڵوەشاندنەوەى خۆی و چەکدانان و کۆتاییهێنان بە هەموو ئەو چالاکییانەى لەژێر ناوى پەکەکەدا بەڕێوەدەچێت.

بەگوێرەى رێکخراوی CPTـی ئەمریکی، لە رۆژی راگەیاندنی بانگەوازەکەى عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان، لە 27ـی شوباتی 2025ـەوە تاوەکو ئێستا بۆردوومانەکانى سوپای تورکیا بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان بەردەوامە.

ناوچەکانى سنوورى ئامێدى، ماوەى چەند ساڵێکە بوونەتە گۆڕەپانى رووبەڕووبونەوەى نێوان سوپاى تورکیا و ئەندامانى پەکەکە، بەو هۆیەوە لەکۆى 306 گوند 206 گوندیان چۆڵکراون.

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×